رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێ، هەموو ئامادەکارییەک بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی کراوە و لە کاتی دیاریکراوی خۆیشیاندا بەڕێوەدەچن.
رۆژی دووشەممە، 8ـی حوزیرانی 2026، نوورەدین عوسمان، بەرێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو ئامادەکارییەک لە هەرێمی کوردستان کراوە و نزیکەی 2003 هۆڵی تاقیکردنەوە بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 ئامادەکراون."
دوێنێ شەو، ئێران هێرشی کردەوە سەر ئیسرائیل و زووش ئیسرائیل وەڵامی دایەوە. بەرێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان دڵنیایی دایە قوتابیان و گوتی: "دواخستن نییە. بڕیار وایە تاقیکردنەوەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا بکرێن".
هاوکات، وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیار و رێنماییەکی تایبەت بە بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان دەرکرد. بەپێی فەرمانێکی وەزاری کە ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە واژۆی کردووە و ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، بردنەژوورەوەی هەر جۆرە ئامێرێکی ئەلیکترۆنی بۆ نێو هۆڵەکان قەدەخەیە.
وەزارەتی پەروەردە دەڵێ، سەرپەرشتیار، بەرێوەبەری هۆڵ و چاودێرەکان مافیان نییە مۆبایل ببەنە نێو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە، تەنیا بەرێوەبەری هۆڵەکە نەبێت کە مۆبایلێکی تایبەتی بۆ دابینکراوە.
وەزارەت دەڵێ، بۆ قوتابیانیش پشکنین پێش چوونە ژوورەوە دەکرێ و بردنەژوورەوەی مۆبایل، کاژێری زیرەک و هەر ئامێرێکی ئەلیکترۆنی قەدەخەیە؛ ئاماژە بەوەشکراوە، ئەگەر لای هەر قوتابییەک ئەو ئامێرانە بدۆزرێنەوە، بە (قۆپیکردن) هەژمار دەکرێ.
لە رێنماییەکاندا هاتووە کە دەبێت ناوی قوتابی لەسەر پەڕەی پرسیار و پەڕەی سۆما هەبێت، ئەگەر هەر قوتابییەک پەڕەی سۆما نەگەڕێنێتەوە، نمرەی بۆ هەژمار ناکرێ؛ هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە مامۆستایانی چاودێر و بەرێوەبەری هۆڵەکان بەرپرسن لەوەی هیچ کەسێک وێنەی پرسیارەکان نەگرێ و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان نەکاتەوە.
وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنیا لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان کات و شوێنی بڵاوکردنەوەی وەڵامە نموونەییەکان دیاری دەکات.
بڕیارە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 لە 14ـی حوزەیرانی 2026 دەستپێبکەن و تاوەکو8ـی تەممووزی 2026 بەردەوام دەبن.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
