رووداو دیجیتاڵ
نوورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای کۆبوونەوەیەک لەگەڵ عەبدولڕەحمان سەلامە، پارێزگاری رەققە، لەسەر میکانیزمێک بۆ گەڕانەوەی ئەو خێزانە کوردانەی بەهۆی رووداوەکانی ئەم دواییەوە لە پارێزگاکە ئاوارە ببوون، رێککەوتوون. لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەکشەممە، 7ی حوزەیرانی 2026 بەڕێوەچوو، جەخت لەسەر کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئەو خێزانانە و چارەسەرکردنی کێشەکانیان کراوەتەوە.
پارێزگار رایگەیاند، کۆبوونەوەکە کە بەرپرسانی ئەمنی و نوێنەرانی خێزانە ئاوارەکان تێیدا ئامادەبوون، لەسەر دانانی میکانیزمێک بووە بۆ گەڕانەوەیەکی شکۆمەندانەی نزیکەی 1,800 خێزانی کورد، کە ناچار ببوون ماڵەکانیان لە رەققە جێبهێڵن و روو لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان بکەن.
بە گوتەی پارێزگار، 1,200 خێزانیان چوونەتە کۆبانێ لە پارێزگای حەلەب و نزیکەی 600 خێزانیش چوونەتە پارێزگای حەسەکە.
پلانی گەڕانەوە "زۆر نزیکە"
لە وەڵامی پرسیاری رووداو سەبارەت بە کاتی گەڕانەوەی ئەو خێزانانە، پارێزگاری حەسەکە گوتی: "کارکردن بۆ رەخساندنی زەوینەی گونجاو بۆ مسۆگەرکردنی گەڕانەوەیەکی سەلامەت بۆیان لە داهاتوویەکی نزیکدا بەردەوامە؛" ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتداران لەم بوارەدا هەنگاوی باشیان ناوە کە رێکارەکان خۆیان لە چۆڵکردنی ئەو خانووانەی کەسی دیکەیان تێدایە، هەروەها لابردنی مین لە گوندەکان و دەوروبەریان بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی گەڕاوەکان، دەبینێتەوە.
پارێزگاری حەسەکە گوتی: "پێشبینی دەکرێ گەڕانەوە لەماوەی کورتی داهاتوودا جێبەجێ بکرێ" و جەختی کردەوە کە ئەم پرسە لەم قۆناخەدا یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانیان.
چارەنووسی ماڵ و موڵکی ئاوارەکان
سەبارەت بە رەوشی ماڵ و موڵکی خێزانە ئاوارەکان، پارێزگار ئەوەی خستەڕوو کە لە هەندێک گوند لەلایەن کەسانێکەوە کە بە "هەندێک کەسی دەرچوو لە یاسا" ناوی بردن، "زیانی مادیی گەورە" بەر خانووەکان کەوتووە.
پارێزگاری حەسەکە گوتی، ئەم دۆسیەیە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی لەسەر کرا و رێککەوتن کرا کە هاوکاریی لۆجستی پێشکێش بە هەندێک لە خێزانە زیانلێکەوتووەکان بکرێ، ئەوەش بە گوێرەی توانا.
پارێزگار ئاماژەی بەوەکرد: "هەموو موڵکە تایبەتەکان بێ هیچ مەرجێک دەگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنەکانیان" و روونیکردەوە کە هاوئاهەنگی لە نێوان لیژنەی نوێنەرانی ئاوارەکان و نووسینگەی پارێزگاردا دەکرێ بۆ ئەوەی ماف بگەڕێتەوە بۆ خاوەنی خۆی.
پارێزگاری حەسەکە کۆبوونەوەکەی بە "زۆر ئەرێنی" ناوبرد و رایگەیاند، هەموو ئامادەبووان ئامادەیی خۆیان بۆ پێشکێشکردنی هەموو پشتیوانییەکی پێویست بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسانە مرۆییانە دەربڕی.
پارێزگاری حەسەکە گوتی: "کارکردن بە پابەندبوونەوە بۆ گەڕانەوەی هەموو ئاوارەکان بەردەوامە، بەشێوەیەک کە هەموو خێزانێک یان تاکێک بگەڕێتەوە زێدی خۆی، هەموو ئاستەنگ و سەختییەکان لاببرێن و دۆخی گونجاویان بۆ ئاسانکاریی گەڕانەوەیان بۆ بڕەخسێندرێ. ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە بگەینە سفر ئاوارە."
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)

