رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان ئاماری چالاکییەکانی لە وەرزی قەدەخەکردنی راوی ماسیدا بۆ رووداو راگەیاند. لە وەرزی قەدەخەکردنی راوەماسیدا 136 کەس دەستگیرکراون.
رۆژی دووشەممە، 8ـی حوزەیرانی 2026، فەرمان فازڵ، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، قەدەخەی راوی ماسی ساڵانە لە 15ی شوبات دەستی پێکرد و تاوەکو پازدەی حوزەیران بەردەوام دەبێ؛ ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانیان تاوەکو ئێستا 136 کەسیان بە تۆمەتی راوکردنی نایاسایی دەستگیر کردووە.
لەبارەی ئەو کەرەستە و ئامێرانەی لەو ماوەیەدا دەستیان بەسەردا گیراوە، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگە دەڵێ:" 372 تۆڕی ماسی، 145 مەتر وایەری کارەبا، 26 لایت، 6 مۆلیدەی کارەبا، 5 قولابی ماسیگرتن، 1 بەلەم و 1 چووپ".
فەرمان فازڵ ئاماژەی بەوەش کرد، لەو ماوەیەدا دەست بەسەر 236 کیلۆگرام ماسیدا گیراوە کە 441 دانە ماسی بوون. لەو ژمارەیەش 193 ماسیان بە زیندوویی گەڕێندراونەتەوە نێو ئاو.
16ـی ئەم مانگە قەدەخەی راوە ماسی تەواو دەبێت. فەرمان فازڵ گوتی:"نابێت راویی نایاسایی، بە بۆمب و کارەبا و ئامێرە هاوشێوە زیانبخەشەکان بکرێ".
گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگە باسی لە بەرهەمهێنان و خواستی ناوخۆیی کرد و گوتی: "ساڵانە خواستی ناوخۆ لەسەر گۆشتی ماسی 12 تۆنە، لە کاتێکدا بەرهەمی ناوخۆیی ساڵانە دەگاتە 9 تۆن."
پار 20ـی ئادار راوەماسی لە هەرێمی کوردستان قەدەخەکرا و 21ـی حوزەیران ئاسایی بووەوە؛ هەروەها ساڵی 2024 راوەماسی لە 1ـی ئادار قەدەخە کرا و لە 15ـی حوزەیران ئاسایی بووەوە.
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
