رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی ئێران سزای 18 ساڵ بەندکردن و بێبەشکردنی هەمیشەیی لە پیشەکەی بەسەر پارێزەرێکی کورد دا سەپاند، ئەوەش دوای نزیکەی 6 مانگ لە دەستبەسەرکردنی بەهۆی تانەدان لە هۆکاری گیانلەدەستدانی براکەی.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویانکردووەتەوە، رۆژی شەممە 20-06-2026، بڕیاری سزادانی پارێزەر (جەواد عەلیکوردی) لەلایەن دەزگای دادی ئێرانەوە بە فەرمی بە خۆی راگەیێندراوە.
سزاکەی جەواد عەلیکوردی بەمشێوەیەیە؛ 5 ساڵ بەندکردن بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و پێکهێنانی باند بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی، 13 ساڵ بەندکردن بە تۆمەتی "چالاکیی پروپاگەندەیی و سیخوڕی" (بەپێی ماددەی 4ی یاسای تووندکردنی سزای سیخوڕی، بێبەشکردنی هەمیشەیی لە پیشەی پارێزەری، دوو ساڵ قەدەخەکردنی چوونە دەرەوە لە وڵات و دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری سەراوان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان.
جەواد عەلیکوردی لە 12-12-2025، دوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک دەستبەسەر کرا. لەو ڤیدیۆیەدا ناڕەزایەتی بەرامبەر دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی ئەو کەسانە دەربڕیبوو کە بەشدارییان لە پرسەی براکەیدا کردبوو. جەواد لە ڤیدیۆکەدا گومانی خستبووە سەر گێڕانەوەی فەرمیی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێران سەبارەت بە گیانلەدەستدانی براکەی و رایگەیاندبوو "بەڵگەنامەی نهێنی" لەو بارەیەوە لەبەردەستدایە.
خوسرەو عەلیکوردی، برای جەواد، پارێزەرێکی ناسراوی بواری مافی مرۆڤ بوو. ئەو پارێزەری چەندین دۆسیەی هەستیار بوو، لەوانە دۆسیەی فاتمە سپێهری و بنەماڵەی ئەبوولفەزل ئادینەزادە ئەو مێردمنداڵەی لە خۆپێشاندانەکانی 'ژن، ژیان، ئازادی' کوژرا.
خوسرەو بەهۆی کارەکانییەوە بەردەوام لەژێر گوشار و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکاندا بوو، تاوەکو دواجار لە ئێوارەی 05-12-2025 بە شێوەیەکی گوماناوی لە نووسینگەکەی خۆیدا گیانی لەدەستدا.
گیانلەدەستدانی ئەو پارێزەرە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە چەندین چالاکڤان دەستبەسەر کران، کە یەکێکیان نێرگس محەممەدی، هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و چالاکڤانی دیاری مافی مرۆڤە.




