رووداو دیجیتاڵ
دوای ونبوون و دواتر دۆزینەوەی تەرمی یاد سەربازی تەمەن 4 ساڵ، ئێستا باوکی منداڵەکە داوا لە وەزیری پەروەردە دەکات هاوکاریی کچەکەی بکات کە بەهۆی ئەو بارودۆخە دەروونییەوە لە تاقیکردنەوەکاندا سەرکەوتوو نەبووە.
رۆژی یەکشەممە، 21ـی حوزیرانی 2026، سەرباز عەلی، باوکی یاد، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ ئەنجامی پشکنینەکانی (دی ئێن ئەی) خۆم و خێزانم و یادم رادەستی ئاسایشی رانیە کرد، بەڵام هێشتا ئەنجامەکەیان پێ رانەگەیاندووین."
یاد سەرباز لە 28ـی ئایاری رابردوو ونبوو، باوکی دەڵێت، لەو کاتەوە خێزانەکەیان لە بارودۆخێکی زۆر خراپدایە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر خوێندنی کچەکەی هەبووە کە پۆلی 8ـی ئامادەییە.
سەرباز عەلی دەڵێت: "کچەکەم بەهۆی هاتنی میوان و ئازاری ونبوونی یاد و خراپی دۆخمان نەیتوانیوە بخوێنێت، لە کۆتایی ساڵ لە 4 وانە کەوتووە. رۆژی 15ـی ئەم مانگە تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم دەستیپێکرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەواڵی دۆزینەوەی تەرمی یادمان پێگەیشت، نەیتوانی لە تاقیکردنەوەیەکدا بەشدار بێت و تەنیا لە سێ وانەدا بەشدار بووە."
باوکی یاد لەرێگەی رووداوەوە پەیامێک ئاراستەی وەزیری پەروەردە دەکات و دەڵێت: "داوا دەکەم یارمەتی کچەکەم بدات تاوەکو کەمێک لە ئازارمان کەم بێتەوە. هەروەک چۆن چارەنووسی کوڕەکەم بەو شێوەیە بوو، هیوادارم داهاتووی کچەکەم و ساڵێکی خوێندنی بەفیڕۆ نەچێت؛ بارودۆخی ئێمە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان روون و ئاشکرا بوو."
چیرۆکی یاد سەرباز چۆن بوو؟
چیرۆکەکە لە 28ـی مانگی رابردوو دەستی پێکرد، کاتێک یاد سەربازی تەمەن 4 ساڵ چووە گوندی ئێندزە بۆ سەردانی ماڵی باپیری و لەوێ ونبوو. گەڕان لەلایەن ئاسایشی بناری قەندیلەوە دوای تەنیا 2 کاژێر و نیو بە هۆکارێکی نادیار راگیرا.
دوای 15 رۆژ لە ونبوونی یاد و لە رۆژی 12ـی ئەم مانگە، دوو هاونیشتیمانی دانیشتووی ناحیەی چوارقوڕنەی سەر بە قەزای رانیە بۆ گیای بەهارە روویان لە ناوچەکە کرد و لەژێر تاڤگەیەک بە ناوی (سوولێ قەلێتان) پارچە ئێسک و جلوبەرگی منداڵێکیان بینی.
رۆژی 15ـی حوزەیرانی 2026، باوکی یاد سەرباز بە رووداوی گوت: "لە دادپزیشکیی سلێمانی پێیان گوتین بڕۆنە هەولێر سامپڵ بدەن بۆ پشکنینی دی ئێن ئەی، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو تەرمەی دۆزراوەتەوە تەرمی یادە یان نا. ئێمەش هاتین و سامپڵمان دا و رێکارمان تەواو کرد". بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامەکان رانەگێندراون.




