رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە هاونیشتمانییان دەڵێن، لەکاتی بەکارهێنانی ئەپلیکەیشنی فۆرمی خۆراکدا، پارەیان لێ دەڕوات و کارەکانیان بۆ جێبەجێ ناکرێت، بەتایبەت لەکاتی زیادکردنی منداڵدا. وەزارەتی بازرگانیی عێراق دڵنیایی دەدات، "پارەی هاووڵاتییان نافەوتێت."
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، هاوکات هەواڵێک دەداتە ئەو کەسانەی لە سنووری مادەی 140ـن و کێشەیان لە فۆرمی خۆراکدا هەیە و دەڵێت، چارەسەر دەدۆزنەوە.
ئەپلیکەیشنی فۆرمی خۆراک، کە بۆ ئاسانکاری و دیجیتاڵکردنی کاروباری پسوولەی خۆراکی زیاتر لە 39 ملیۆن هاووڵاتیی عێراقی دروستکراوە، بووەتە جێگەی نیگەرانیی بەشێک لە بەکارهێنەرانی. ئەوان گلەیی لە کێشە تەکنیکییەکان، بەتایبەت لە سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی و خاوبوونەوەی ئەپلیکەیشنەکە دەکەن.
دلێر کەریم، خاوەنی پەڕاوگەیەکە و رۆژانە یارمەتیی هاونیشتمانییان دەدات بۆ بەکارهێنان و تۆمارکردنی زانیارییەکان لەنێو ئەپلیکەیشنەکە، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو کە رێبوار عەلی پێشکێشی کرد، باسی کێشەکانی کرد و گوتی: "کاتێک دەمانەوێت زانیارییەکان داخیل بکەین، رووبەڕووی کێشەی دواکەوتن دەبینەوە. چەندین جار روویداوە کە پارەکە لە هەژمارەکەمان دەبڕدرێت، بەڵام پرۆسەکە، بۆ نموونە زیادکردنی منداڵ، جێبەجێ نابێت و ناچار دەبین دووبارەی بکەینەوە."
بە گوتەی دلێر کەریم، ئەم کێشەیە وایکردووە خەڵک متمانەی بە ئەپلیکەیشنەکە کەم ببێتەوە و بترسن لەوەی پارەکەیان بفەوتێت. ئەو دەڵێت، "زیاتر لە 10 حاڵەتم تووشبووە کە پارەکەم لەدەستچووە. ئەو کەسەی دێ بۆ لام، تەنیا یەک جار پارە دەدات، ئیدی نازانێت ئاخۆ پارەکە دەفەوتێت یان نا."
کێشەیەکی دیکە کە ئاماژەی پێکرا، نەبوونی زانیاریی پێویستە لەلایەن بەشێک لە هاونیشتمانییانەوە، بەتایبەت بەساڵاچووان و دانیشتووانی گوندەکان، هەروەها پشتگیرینەکردنی ئەپلیکەیشنەکە بۆ هەموو بانکە کوردییەکان.
مەریوان هادی، بەڕێوەبەری بەشی پسوولەی خۆراک لە هەڵەبجە، لە (بەرپرسیار) پشتڕاستی کردەوە، زۆرترین کێشەکان تەکنیکین و پەیوەندییان بە پارەدانی ئەلیکترۆنییەوە هەیە. ئەو گوتی: "رۆژانە خەڵک سەردانمان دەکەن و گلەیی لە خاوی سیستمەکە دەکەن. کێشەکانمان بە نووسراوی فەرمی گەیاندووەتە لایەنی پەیوەندیدار، بەڵام وەڵامێکی روونمان دەستناکەوێت و زۆرجار پێمان دەڵێن کێشە لە هێڵی ئینتەرنێتەکەتانە، لە کاتێکدا وا نییە."
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، لە رێگەی بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداوەوە وەڵامی نیگەرانییەکان دەداتەوە و دان بەوەدا دەنێت کە لەوانەیە کێشەی تەکنیکی لە سیستمێکی وا گەورەدا رووبدات، بەڵام دڵنیایی دا و گوتی: "بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین هیچ بڕە پارەیەک لە هاووڵاتییان ببڕدرێت، تاوەکو رێکارەکان تەواو نەبن. تیمی تەکنیکی بەردەوام سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکانن."
دانیشتووانی سنووری مادەی 140 کێشەیان لە فۆڕمی خۆراکدا هەیە. گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق گوتی: "دوای ئەم بەرنامەیە، پەیوەندی بە بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانانەوە دەکەم بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی تایبەت بۆ کێشەی فۆرمی خۆراکی دانیشتووانی ناوچە کێشە لەسەرەکان، جا بە گواستنەوەی فۆرمەکانیان بێت یان جیاکردنەوەیان."
تۆمارکردنی 'زانیاریی هەڵە' بە داهاتی بەرز، کێشەیەکی دیکەیە کە لە ئەپلیکەیشنی فۆڕمی خۆراک رووبەڕووی هاونیشتمانییان بووەتەوە. حەنوون، چارەسەری ئەمەشی بەمشێوەیە خستەڕوو؛ "هەر هاووڵاتییەک بە هەڵە وەک داهات بەرز ناوی تۆمارکرابێت و مووچەکەی لە 1,500,000 دینار کەمتر بێت، دەتوانێت لە رێگەی ئەپلیکەیشنەکەوە و بە پێشکێشکردنی بەڵگە، فۆرمەکەی چاک بکاتەوە و ناوی بگەڕێتەوە نێو لیستی شایستەکان."
محەممەد حەنوون، پەیامێکی بۆ ئەو کەسانە نارد کە تاوەکو ئیستا خۆیان تۆمارنەکردووە و گوتی، دەتوانن زانیارییە راستەکانیان داخیل بکەن و خۆیان تۆماربکەن.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ستایشی هەرێمی کوردستانیشی کرد و رایگەیاند، لەو پارێزگایانە بوون کە پێشەنگ بوون لە سەرخستنی پرۆسەی زیادکردنی زانیارییەکانی فۆرمی خۆراک و گوتی: "خاوی سیستمەکە کاتییە و چارەسەر دەکرێت."


