رووداو دیجیتاڵ بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بکات و لەگەڵ عەلی باپیر، سەرۆکی ئەو حیزبە کۆببێتەوە. عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 02:00ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بافڵ تاڵەبانی، بە سەرۆکایەتیی شاندێک سەردانی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەری دەکات و لەلایەن عەلی باپیر، سەرۆکی حیزبەکەوە پێشوازییان لێدەکرێت. عەبدولستار مەجید گوتی: "دەمێکە کاک بافڵ بە مامۆستا عەلی باپیری گوتووە دەیەوێ چاوی پێی بکەوێ، بەڵام رێکنەکەوتووە، بۆیە ئەمڕۆ لە سلێمانی ئەو دیدارە دەکرێ." لەبارەی ئامانجی سەردانەکە، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەری گوتی: "باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا، دۆخی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا گفتوگۆ دەکەن."