رووداو دیجیتاڵ
پیر و گەنج، ژن و
پیاو بە کۆڵێک باری گرانەوە، دڵخۆش لەوەی توانیویانە بژێوی ماڵ و منداڵیان بەدەست
بێنن، سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بەرەو رۆژهەڵاتی کوردستان دەبڕنەوە. دوای چوار مانگ لەداخستنی، دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بەڕووی کۆڵبەران
کرایەوە.
لە پێناو پەیداکردنی
بژێوی، کۆڵی گران دەخەنە سەر شانیان و بە هیوای ژیانێکی باشتر هەنگاو دەنێن.
عەلی عەزیزی یەکێک
لەو سەدان کۆڵبەرەی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە هاتووەتە حاجی ئۆمەران. لەسەر دۆخی
ئابووری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەڵێت: "ئێستا نانێک لە ئێران نرخەکەی
بووەتە 1700 تمەن. بەڕاستی خەرجی زۆر گرانە. ئەوەی دێتە ئێرە لەبەر بێ پارەیی و دەردی
خۆی دێت."
شەڕ و نائارامی
نزیکەی چوار مانگ دەرگای بژێوی بەسەراد داخستبوون. عوسمان عەلی باسی ئەو ماوەیە دەکات
کە بەهۆی جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێرانەوە دەرگەی کۆڵبەری بەڕوویاندا
داخرابوو؛ "ئەو ماوەیەی کۆڵبەری وەستابوو
هەرچەندەی بڵێی سەخت بوو بۆمان. رۆژ بۆ رۆژ شت گران دەبوو. رۆژ بۆ رۆژ ژیانی خەڵک
سەختتر دەبوو. نە کاسبی و نە داهات و نە سنوور هەبوو. وای لێهاتبوو خەڵک بە خۆڕایی
کاری دەکرد".
عەبدوڵڵا مەولودی،
لە حەفتاکانی تەمەنێتی، کۆڵبەری بە جەستەی شەکەتی بارێکی گرانە، بەڵام دەڵێت:
"من حەوت کەسم لە ماڵەوە هەیە. تاقە
کوڕم کرێکارە. ژیانم بەو جۆرەیە، ئەگینا تەمەنی
من هی ئەوە نییە ئەو کارە بکەم تەمەنم 71 ساڵە".
هەریەک لەو کۆڵبەرانە
چیرۆکێکی سەختی ژیان ناچاری کردوون. قورسی باری کۆڵیان و گەرمای تاقەت پروکێن ئارەقیان
پێ دەرێژێت، بەڵام کۆڵ نادەن. تەنانەت ئەگەر وەکو قادر سەیدزادە نەخۆشیش بن.
"کرێی خانوەکەم پێ نەدەدرا، واتا ئەوەی رۆژ پەیدای نەکەم شەو نییە بیخۆم. نەخۆشیشم
و کێشەی گورچیلەم هەیە."
لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی
کوردستان زیاتر لە 10 هەزار کەس کارتی کۆڵبەریان هەیە. پێش شەڕ لە رۆژانە نزیکەی دوو
هەزار کۆڵبەر لەم سنوورە هاتووچۆیان دەکرد. ئێستا رۆژانە تەنها رێگە بە 500 کۆڵبەر دەدرێت، قوماش، کەلوپەلی جوانکاری و
پارچەی ئۆتۆمبێل بگوازنەوە.


