رووداو دیجیتاڵ
هەوڵەکان بۆ کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوامن و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان هەوڵەکانی بۆ ئەم مەبەستە چڕکردووەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەک بەهۆی گۆڕینەوەی دوو نامەوە لەنێوان هەردوو حیزبدا دروست بووە.
سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکەیدا بۆ نزیککردنەوەی پارتی و یەکێتی، لەگەڵ بەرپرسانی پارتی گفتوگۆی کردووە و دواتر لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە.
بەپێی زانیارییەکان، گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان پارتی و یەکێتی دوای گۆڕینەوەی دوو نامە سەریان هەڵداوە. سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی گوت، "لێکدانەوەی هەڵە بۆ ناوەڕۆکی نامەکان کراوە، ئەمەش نیگەرانیی گەورەی لەلای سەرکردایەتیی هەردوولا دروستکرد و دۆخەکەی ئاڵۆزتر کرد."
ئێستا هەوڵی سەلاحەدین بەهائەدین ئەوەیە کە لێکدانەوەیەکی "ئەرێنی" بۆ نێوەڕۆکی نامەکان بکرێت و دۆخی نێوان هەردوو حیزب بگەڕێتەوە بۆ قۆناخی پێش نامەکان. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، ئەمینداری یەکگرتوو داوای لە هەردوولا کردووە، "دووربکەونەوە لە هەندێک وشە و رستە کە لە نامەکاندا بەکارهاتوون و لایەنە باشەکانی نامەکان بهێننە پێشەوە."
سەلاحەدین بەهائەدین چەند پێشنیازێکی خستووەتە بەردەم پارتی و یەکێتی تاوەکو رێگەیەک بۆ دیداری نێوانیان بدۆزرێتەوە. هەردوولاش بەڵێنیان داوە وەڵامێکی ئەرێنی بدەنەوە و لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا بەستەڵەکی نێوانیان بتوێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، هیوا ئەحمەد مستەفا، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت، "لە دوای دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی، سەردانی لایەنەکانمان کردووە، بەڵام وەڵامی ئەرێنیمان دەستنەکەوتووە و دۆخەکە وەکو خۆی ماوەتەوە."
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە باس لەوە دەکەن جووڵانەوەی نەوەی نوێ 15 کورسییەکەی خۆی لە پەرلەمانی کوردستان دەخاتە پاڵ یەکێتی بۆ "راستکردنەوەی باڵانسی هێز"، هیوا ئەحمەد مستەفا گوتی، "نەیانداونەتێ، بەڵکو لە زیندان لێیان سەندوون."


