رووداو دیجیتاڵ لە سنووری قەزای ناوەندیی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، 62 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە گوندەکاندا بەهۆی کۆنیی پێکهاتەکەیانەوە مەترسییان لەسەرە و پێویستیان بە پتەوکردن هەیە. سەرۆکی دامەزراوەی خانووبەرەی شارەکەش دەڵێت، خەریکی داڕشتنی پلانن بۆ نۆژەنکردنەوەیان. رەزا مەنافی، سەرۆکی دامەزراوەی خانووبەرەی ورمێ رایگەیاند، پێکهاتەی زۆربەی گوندەکانی سەر بە قەزای ورمێ کۆنە و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەی بەپەلە هەیە. گوتیشی: "ئێستا 62 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە گوندەکانی ورمێ پێویستیان بە پتەوکردن هەیە." سەبارەت بە کارەکانی دامەزراوەکەیان لە گوندەکان، مەنافی ئاماژەی بەوە کرد کە 'پلان و نەخشەی ئاوەدانکردنەوە' لە 325 گوند لە کۆی 513 گوندی سەرووی 20 ماڵ لە ورمێ جێبەجێ کراوە، بەوەش رێژەی سوودمەندبوونی گوندەکان لە پرۆژەکە گەیشتووەتە 63%. سەرۆکی دامەزراوەی خانووبەرەی ورمێ تیشکی خستە سەر جیاوازیی ئاستی خزمەتگوزارییەکان لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی ئێران و گوتی: "تێکڕای جێبەجێکردنی ئەم پلانە لەسەر ئاستی ئێران 71%ـە؛ بۆ گەیشتن بەو رێژەیەش، ئەمساڵ پرۆژەی ئاوەدانکردنەوە لە 70 گوندی دیکە دەستپێدەکات." لە سنووری قەزای ناوەندی ورمێ، تەنیا 22 گوند هەن کە ژمارەی دانیشتووانیان لە 20 ماڵ کەمترە، بە گوتەی رەزا مەنافی، ئێستا لێکۆڵینەوە بۆ ئەوە دەکرێت پلانی ئاوەدانکردنەوە بۆ ئەو گوندانەش دابنرێت. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، قەزای ناوەندی ورمێ 610 گوندی ئاوەدانی هەیە. لە کۆی یەک ملیۆن و 110 هەزار دانیشتووی قەزاکە، نزیکەی 315 هەزار کەسیان لە گوندەکاندا دەژین.
کوردستان24-06-2026سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: وردبینیی لیستی مووچەی مانگی 6 و رێکارەکانی تەمویلکردنی مووچە تەواو بوون