رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی داتا و زانیارییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لە ساڵانی 2019 تاوەکو 2025، بەغدا تەنیا 42٪ی پشکی هەرێمی کوردستانی لە بودجە ناردووە.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان داتا و زانیاریی بودجەی گشتیی عێراق و پشکی هەرێمی کوردستانی لەماوەی ئەو حەوت ساڵەدا بڵاوکردەوە.
رۆژی پێنجشەممە، وەزارەتەکە بڵاویکردەوە، بەپێی پەرتووکی کار و چالاکییەکانی وەزارەت، لەو ساڵانەدا کۆی بودجەی گشتیی عێراق گەیشتووەتە هەزار و 155 ترلیۆن و 733 ملیار دینار. لەو بڕە، پشکی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 12.67% و بڕی 146 ترلیۆن و 431 ملیار دینار بووە.
وردەکاریی بڕین و ناردنی بودجە:
بەپێی خشتەکانی وەزارەتی دارایی، دوای دەرکردنی خەرجییە سیادییەکان و حاکیمە، پشکی هەرێمی کوردستان 79 ترلیۆن و 585 ملیار دینار بووە، بەڵام شێوازی مامەڵەکردنی بەغدا بەم شێوەیە بووە:
ئەو بڕەی لەلایەن بەغداوە نێردراوە: 33 ترلیۆن و 426 ملیار دینار (تەنیا 42%).
ئەو بڕەی بڕدراوە و نەنێردراوە: 48 ترلیۆن و 745 ملیار دینار (58%).
داتای ساڵانەی بودجەی نێردراو لەلایەن بەغداوە:
خشتەکان دەریدەخەن کە ناردنی بودجە لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی دیکە جیاواز بووە:
لە ساڵی 2019: 5.3 ترلیۆن دینار نێردراوە.
لە ساڵی 2020: 2.1 ترلیۆن دینار نێردراوە.
لە ساڵی 2021: 1.2 ترلیۆن دینار نێردراوە.
لە ساڵی 2022: تەنها 400 ملیار دینار نێردراوە.
لە ساڵی 2023: 4.6 ترلیۆن دینار نێردراوە.
لە ساڵی 2024: 10.02 ترلیۆن دینار نێردراوە.
بۆ ساڵی 2025: 9.5 ترلیۆن دینار دیاریکراوە.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە، کە زۆربەی ئەو پارانەی لە ساڵانی 2019 بۆ 2023 نێردراون، وەک "قەرز" لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان هەژمار کراون. هەروەها حکومەتی فیدراڵ هیچ بڕە پارەیەکی بۆ خەرجییەکانی بەکارخستن و وەبەرهێنان لەو حەوت ساڵەدا رەوانە نەکردووە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی، گەورەترین بڕی بودجەی بڕدراو لە ساڵی 2023دا بووە کە 11.7 ترلیۆن دینار بووە، لە کاتێکدا لەو ساڵەدا بودجەی گشتیی عێراق گەیشتبووە بەرزترین ئاستی خۆی کە 198.9 ترلیۆن دینار بوو.
حکومەتی فیدڕالیی عێراق هێشتا هیچ راگەیێندراو و لێدوانێکی لەسەر ئەم داتا نوێیانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبووە.






.jpg&w=3840&q=75)