رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، بۆ پێکهێنانی حکومەت، کۆتایی هەفتەی داهاتوو رێککەوتنێک لەگەڵ یەکێتی واژۆ دەکەن، کە بە گوتەی خۆی "رێککەوتنەکە بازار دەبووژێنێتەوە، هاتنی مووچە و پەسندکردنی یاسای بودجەش گەرەنتی دەکات."
24ـی حوزەیرانی 2026، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە سلێمانی رایگەیاند، ئەوان خاوەنی 15 کورسیی پەرلەمانی کوردستانن؛ ''ئێستا بەهۆی 15 کورسییەکەوە بووین بە هێزێکی یەکلاکەرەوە و بڕیار دەدەین کێ حوکمڕانی بکات و چی بۆ خەڵک بکرێ".
شاسوار عەبدولواحید باسی لە هاوپەیمانیی حیزبەکەی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد و گوتی، هێشتا رێککەوتنەکە واژۆ نەکراوە، ''چونکە هەندێک خاڵ هەن بە لای ئێمەوە گرنگن و پێویستە لەنێو هەر رێککەوتنێکدا بگونجێنرێت کە واژۆی لەسەر دەکرێ. هەروەها ببێتە کارنامەی کابینەی حکومەت و 100٪ جێبەجێ بکرێ.''
پێشتر نەوەی نوێ ئۆپۆزیسیۆن بووە، یەکەم جارە بڕیاری بەشداریکردن لە کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەدات. شاسوار عەبدولواحید گوتی: ''لەوانەیە هەندێک کەس بڵێن ئەمە لادانە لە دەنگی دەنگدەرانمان، بەڵام ئێمە هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە، پڕۆژەکەمان لە خزمەت خەڵکدا دەبێت.''
سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنفرانسەکەدا کاخەزێکی بەرز کردەوە و گوتی: "ئەمەی بەدەستمەوەیە، پڕۆژەی ئێمەیە لەگەڵ یەکێتی، بڕیار وایە هەفتەی داهاتوو واژۆی بکەین، بەڵام ئێستا هەندێک وردەکاریی ماوە و پێدەچێ کۆتایی هەفتەی داهاتوو واژۆ بکرێ".
بەگوتەی شاسوار عەبدولواحید، ئەگەر رێککەوتنەکەیان بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، ''بازار دەبووژێتەوە، هاتنی مووچە لەکاتی خۆیدا گەرەنتی دەکرێ، قەرزی هاوسەرگیریی بۆ گەنجان و قەرزی خانووبەرە دابین دەکرێ، هەروەها پارەی ئاو، کارەبا و باج کەم دەکرێتەوە و یاسای بودجەش پەسند دەکرێت.''
سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ هۆشداریش دەدات، ئەگەر لەگەڵ یەکێتی بچنە نێو هاوپەیمانییەوە، بەشداریی حکومەت بکەن و ''خزمەتی خەڵک نەکرێ، ئەوپەڕی تاوەکو ساڵێک چاوەڕوان دەکەین و رێک لە کابینەکە دەکشێینەوە''.
شاسوار عەبدولواحید سەبارەت بەوەی کە ئایا یەکێتی لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکەیاندا بەڵێنی پێدانی پۆستی لە حکومەتی خۆجێیی سلێمانیدا بە جووڵانەوەی نەوەی نوێ داوە یان نا، دەڵێت: ''جارێ نەچووینەتە نێو ئەو بابەتەی کە لە حکومەتی خۆجێیدا پۆستمان هەبێ یان نا.''
پێش راگەیاندنی ''رێککەونی ستراتیژی''ـی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ، شاسوار عەبدولواحید ماوەیەک لە سلێمانی لە زیندان بوو، بەڵام خۆی رەتی دەکاتەوە رێککەوتنەکە لە ئەنجامی ''گوشاری نێو زیندان''ـدا کرابێت و دەڵێت، ''ساڵێک لەمەوپێش داوای رێککەوتنم کردبوو، بەڵام سەرۆکی یەکێتی دوای بەندکردنی من رەزامەندی دەربڕی کە رێکبکەوین''.
زیاتر لە ساڵێک و نیوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنە سیاسییەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان رێکنەکەوتوون. سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ گوتی، پار سکاڵایان تۆمار کردووە لە دادگەی فیدراڵی، بۆ ئەوەی پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە.
وەک شاسوار عەبدولواحید دەڵێت، جیاوازی نییە لای ئەوان سەرۆکی حکومەت یەکێتی، نەوەی نوێ یان کەسێکی بێلایەن بێت، ''بەڵام ئەگەر داوام لێبکەن دەبمە سەرۆکی حکومەت، چونکە هەندێک پلانمان هەیە کە بەو شێوەیە باشتر جێبەجێ دەکرێن.''
1ـی حوزەیران، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، لە ساڵیادی دامەزراندنی حیزبەکەیدا، گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، لەگەڵ نەوەی نوێ "لەم رۆژانە'' رێککەوتنێکی ستراتیژی واژۆ دەکەن و حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان پێکدێت.
بافڵ تاڵەبانی گوتبووشی، ئەوان بەو هاوپەیمانییە هاوشێوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ژمارەی کورسییەکانیان دەگاتە 39 کورسی، بۆیە داوای نیوەی پۆستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.


.jpg&w=3840&q=75)