رووداو دیجیتاڵ لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە رێگەی نێوان ورمێ-سەڵماس لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون. حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مانگی سووری پارێزگای ورمێ رایگەیاند، کاژێر 14:10ـی ئەمڕۆ هەینی، 26ـی حوزەیرانی 2026، هەواڵی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە رێگەی ورمێ - سەڵماس بە کۆمەڵەی مانگی سووری پارێزگاکە درا. حەمید مەحبووبی رایگەیاند، دەستبەجێ تیمەکانی فریاکەوتنی سەر بە مانگی سووری ورمێ چوونە شوێنەکە. حەمید مەحبووبی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم رووداوە دوو گیانلەدەستدان و دوو برینداری لێکەوتەوە. بەپێی ئامارەکانی پزیشکیی دادی ئێران، ساڵی رابردوو 19 هەزار و 540 کەس بە رووداوی هاتووچۆوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانیان لەدەستداوە.