رووداو دیجیتاڵ
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی میلاکات لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە حەوت ساڵی رابردوودا 14 هەزار و 315 کەس لە هەرێمی کوردستان دامەزراون، کە بەشێکیان فەرمانبەری گرێبەست بوونە و کراونەتە هەمیشەیی.
452 کەس بە پلەی باڵا دامەزراون
داتاکانی وەزارەت دەریدەخات لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەدا 452 کەس بە پلەی باڵا دامەزراون، لەوانە دامەزراندن و دانانی (155) کەس بە پلەی (ئەلف) و دامەزراندن و دانانی (297) کەس بە پلەی (ب).
پلەی ئەلف و با لە وەزیفەدا، بریکاری وەزیر، راوێژکار، بەڕێوەبەری گشتی و جێگری بەڕێوەبەری گشتی دەگرێتەوە.
دامەزراندنی پزیشکان و سێ یەکەمەکان
بەگوێرەی داتاکان لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەدا 3899 کەس وەکو پزیشکی گشتی لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستی دامەزراون.
جگە لەو پزیشکانە، 2918 کەس بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا دامەزرێندراون کە پێکدێن لە 1302 دەرچوو لە سێ یەکەمەکانی ساڵی (2015-2016)، دامەزراندنی 1443 دەرچوو لە سێ یەکەمەکانی (2016-2017). دامەزراندنی 42 کەس لە سێ یەکەمەکانی ساڵی 2022.
هەروەها 32 کەس بەشێوەی جیاواز بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دامەزراون.
لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەدا ژمارەی دامەزراندن و گەڕانەوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی لە سەرجەم وەزارەت و لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت 649 پلە بووە.
نزیکەی 6500 فەرمانبەری گرێبەست کراونەتە هەمیشەیی
لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەدا 6,496 فەرمانبەر کە گرێبەست بوون، کراونەتە هەمیشەیی. لەوانە 5093 مامۆستا لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە لە گرێبەستەوە کراونەتە هەمیشەیی. 1403 پاسەوانی گرێبەستیش لەسەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆ کراونەتە هەمیشەیی.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەدا 8,778 فەرمانبەر بە شێوەی گرێبەست دامەزراون. لەوانە پەسندکردنی دامەزراندنی 1190 کەس بە گرێبەست لەسەر بودجەی پەرەپێدان بۆ سەر بودجەی ئاسایی.
زیاتر 41 هەزار وانەبێژ کراونەتە هەمیشەیی
بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، 41 هەزار و 742 وانەبێژ کراونەتە گرێبەست، لەوانە 37 هەزار و 933 مامۆستای وانەبێژ لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە و 3809 وانەبێژیش لەسەر میلاکی وەزارەتی خوێندنی باڵا.
پلەی زیاتر لە 10 هەزار ئەفسەر بەرزکراوەتەوە
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی میلاکات لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەدا 10 هەزار و 214 ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ و هێزەکانی ئاسایش پلەیان بەرزکراوەتەوە.
بە بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 1-1-2016ەوە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان راگیراوە.



