رووداو دیجیتاڵ بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی هەولێر دەڵێت: "هەفتەی داهاتوو چوارەم سەبەتەی بەشەخۆراک دابەش دەکرێت." بەڕێوەبەری پسوولەش دەڵێت: "لە سێیەم سەبەتەی خۆراکەوە، بەشەخۆراکی بەشێک لە پلەباڵاکان بڕدراوە." رۆژی دووشەممە، 29-6-2026، دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی خۆراکی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژی چوارشەممە کە دەکاتە یەکی مانگی حەوت، دەست بە کۆکردنەوەی پارەی بریکارەکان دەکرێت تاوەکو بتوانین بەشەخۆراک دابەش بکەین." بە گوتەی بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی هەولێر، دەبێت بریکار سەردانی بەڕێوەبەرایەتی بکات و پارە بدات، دواتر بەشەخۆراک وەردەگرێت؛ هاوکات هەفتەی داهاتوو چوارەم سەبەتەی بەشەخۆراکی ئەم ساڵ دابەش دەکرێت. دلێر عەبدولواحید گوتی: "لە بەشەخۆراکی مانگانەدا یەک لیتر زەیت، یەک قوتوو ئاوی تەماتە، سێ کیلۆ برنج، یەک کیلۆ شەکر، نیو کیلۆ نیسک و نیو کیلۆ لەتکە نۆک دابەش دەکرێت." لە ساڵی 2018 دا حکومەتی عێراق بڕیاری دا کە مووچە پلەباڵاکان (ئەوانەی مووچەیان لە ملیۆنێک و نیو دینار زیاترە) بەشەخۆراکەکەیان ببڕدرێت؛ هەر ئەمڕۆ سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سێیەم سەبەتەی خۆراکەوە، بەشەخۆراکی بەشێک لەوانە بڕدراوە." سیامەند نانەکەلی دەشڵێت: "بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئێمە لە هەرێمی کوردستان بڕیاری بڕینی بەشەخۆراکی پلەباڵاکانمان جێبەجێ نەکرد؛ سەرەتا دوو ملیۆن دینار وەکو مووچەی پلەباڵا دیاری کرا، دواتر کردیانە یەک ملیۆن و نیو، پاشان کرایە ملیۆنێک، ئێستا بڕیارە دووبارە داوا بکرێت، بە یەک ملیۆن و نیو دیاری بکرێت." بەڕێوەبەری پسوولەی هەولێر دووپاتی کردەوە، "لە سێیەم سەبەتەی خۆراکەوە، بەشەخۆراکی پاسەوانی سنوور و کارمەندی بەنداوەکان کە راستەوخۆ مووچەیان لەسەر بەغدایە، بڕدراوە. هاوکات هەندێک دادوەریشی گرتووەتەوە." ئەوانەی بەهۆی مووچەی پلەباڵاوە بەشەخۆراکیان دەبڕدرێت، ئەگەر سەرۆکی خێزان بێت، هەموو خێزانەکە دەگرێتەوە؛ ئەگەر ئەندامێکی نێو خێزان مووچەی پلەباڵای هەبێت، تەنیا ناوی ئەو لەنێو پسوولەی بەشەخۆراک دەسڕدرێتەوە. ساڵانە سەرجەم بەشەخۆراکەکان دابەش ناکرێن، پار هەشت بەشەخۆراک و پێراریش 10 بەشەخۆراک دابەش کراوە؛ ئەم ساڵیش کە نیوەی ساڵەکە خەریکە تەواو دەبێت، تەنیا سێ بەشەخۆراک دابەش کراوە. پێش گۆڕینی فۆڕمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکیان وەردەگرت، بەڵام بە گوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانی، 294 هەزار و 432 هاونیشتمانی بەهۆی تۆمارنەکردنیان لە سیستمی ئەلیکترۆنی، بەشەخۆراکیان بڕدراوە.
کوردستان29-06-2026ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو: هێشتا ئومێدێکمان بۆ لێکنزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی هەیە