رووداو دیجیتاڵ
ئاگری دارستانەکانی ناوچەی کاسەماسی سەر بە شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام، دوای هەوڵدانێکی زۆر کۆنترۆڵ کرا. بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگاکە دەڵێت، پێنج هێکتار دارستان سووتاوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 29ی حوزەیرانی 2026، یاسم خانمحەممەدیان، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، ئاگری دارستانەکانی ناوچەی کاسەماسی سەر بە ناحیەی مورموریی شاری ئاودانان لە لایەن تیمەکانی سەرچاوە سروشتییەکان، کۆنترۆڵی قەیران، ژینگەپارێزان و خەڵکی خۆجێیی ناوچەکەوە کوژێندرایەوە.
رۆژی یەکشەممە، کاژێر 11ی بەر لە نیوەڕۆ ئاگرێکی گەورە لە دارستانەکانی ناوچەکە کەوتەوە و دوای چەند کاژێرێک کوژێندرایەوە، بەڵام ئێوارەی هەمان رۆژ بەهۆی هەڵکردنی باوە سەریهەڵدایەوە. یاسم خانمحەممەدیان گوتی، بە تیمەکانی سەرچاوە سرووشتییەکان و کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگاکە و یارمەتیی خەڵکی ناوچەکە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ئاگرەکە بە تەواوی کوژێندرایەوە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئیلام، هەڵکردنی با و سەختیی ناوچەکە، بوونی رووبەڕێکی زۆری دارستان و پووش و پاوان، کوژاندنەوەی ئاگرەکەی زۆر سەختتر کرد.
سەبارەت بە زیانەکانیش، خانمحەممەدی گوتی، بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، زیاتر لە پێنج هێکتار دارستان سووتاوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، رووبەری دارستانەکانی پارێزگای ئیلام نزیکەی 642 هەزار هێکتارە، کە دەکاتە نزیکەی 32%ی تەواوی رووبەری ئەو پارێزگایە و نزیکەی 90%ی لە داربەڕوو پێکدێت.



