رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایدەگەیێنێت، سەرەڕای ناکۆکیی قووڵ و مێژوویی لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هێشتا ئومێدێکیان هەیە بۆ لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکان و چارەسەرکردنی دۆخی چەقبەستووی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ماوەیەکە پڕۆژەیەکی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان و کاراکردنەوەی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان خستووەتەڕوو. عوسمان کاروانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە لە بوولتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، لەبارەی پڕۆژەکەوە گوتی، "ئەو پرۆژەیەی کە یەکگرتوو داویەتی بە یەکێتی و پارتی و سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان، ئەوانەش کە لەم ماوەیەدا سەردانی ئێمەیان کردووە، پشتگیریی پرۆژەکەی یەکگرتوو دەکەن و دەستخۆشیمان لێدەکەن."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو، پارتی و یەکێتی پڕۆژەکەیان رەتنەکردووەتەوە و ئومێد هەیە لە رۆژانی داهاتوودا هەنگاوی کرداری بۆ کۆبوونەوەکان بنرێت. عوسمان کاروانی گوتی، "هیچ دەرچە و رێبازێکی دیکە لە بەردەمیاندا نییە بێجگە لە گفتوگۆ و دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ. جێگرەوەی مێزی گفتوگۆ تەنیا مێزی گفتوگۆیە."
سەبارەت بە هۆکاری سەرەکیی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، عوسمان کاروانی گوتی، خاڵی جیاواز پەیوەستە بە چۆنیەتیی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت، "یەکێتی دەیەوێت کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت یەک پاکێج بێت، بەڵام پارتی دەیەوێت سەرەتا پەرلەمان کارا بکرێتەوە، ئینجا باسی پاکێجی حکومەت بکرێت."
ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو باسی لەوە کرد، لایەنەکان لەکاتی گفتوگۆکاندا باسی دابەشکردنی پۆستیان لەگەڵ یەکگرتوو نەکردووە و ئەو بابەتە "شتێکی تایبەت بە نێوان پارتی و یەکێتییە."
عوسمان کاروانی دووپاتیکردەوە کە یەکگرتووی ئیسلامی دەستبەرداری پڕۆژەکەیان نەبوون و بەردەوام چاودێریی دۆخەکە دەکەن و گوتی، "ئێمە بە ئومێدەوە دەڕوانینە رۆژانی داهاتوو بۆ ئەوەی لێکتێگەیشتنەکان بگاتە ئاستێک کە دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ دروست ببێت. پێویستە ئەم لێکتێگەیشتنە دروست ببێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە چەقبەستووەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە."


