رووداو دیجیتاڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بانگهێشتکراوە بۆ تاران بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ بڕیارە رۆژی هەینی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە بکات. رۆژی چوارشەممە، 1ـی تەممووزی 2026، عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەرپرسی نووسینگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە تاران، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمی لەلایەن مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانەوە بانگهێشتکراوە بۆ رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران." عەلی خامنەیی، رۆژی 28ـی شوباتی 2026 بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر تاران کوژرا. عەبدوڵڵا ئاکرەیی گوتی: "مەراسیمەکە رۆژی 3ـی ئەم مانگە، واتە رۆژی هەینی کاژێر 02:00ـی دوای نیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت. نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتەکەی قبووڵکردووە و رۆژی هەینی لە تاران دەبێت." بەرپرسی نووسینگەی پارتی لە تاران رایگەیاند: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی مەراسیمەکە دا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆ دەبێتەوە، لەوانە سەرۆککۆماری ئێران، سەرۆکی پەرلەمان، وەزیری دەرەوە و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی." ئاژانسی هەواڵی ئیسنا بڵاوی کردەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ بەشداری لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران. بە گوێرەی ئاژانسەکە، نێچیرڤان بارزانی وەک نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکات، رۆژی هەینی 3ـی تەممووز بە مەبەستی بەشداری لەم رێوڕەسمە دا سەردانی تاران دەکات و پەیامی تایبەتی ئەوانیش رادەستی سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات. دوایین سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران، 17ـی ئایاری 2025 بوو کە بۆ بەشداریکردن لە "کۆڕبەندی دیالۆگی تاران" گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران. رۆژی دواتر لە پانێلێکی تایبەتدا لە کۆڕبەندەکە قسەی کرد و باسی لە چەندین بابەتی پەیوەست بە ناوچەکە کرد؛ لە نێویاندا پەیوەندیی "مێژوویی" نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران. هەروەها سێشەممە، 30-07-2024 لە کاتی رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێستای ئێران لە تاران بەشدار بوو، هەروەها لە سەرەتای ئابی 2021 لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران لە تاران ئامادە بوو.