رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی کوردانی فەیلی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، رەزامەندیی پارێزگاری واست وەرگیراوە بۆ دروستکردنی پەیکەرێکی شایستە بۆ حەبیب محەممەد کەریم لە دەروازەی ناحیەی زرباتییە.
رۆژی پێنجشەممە، دووی تەممووزی 2026، حەیدەر فەیلی، سەرۆکی فراکسیۆنی کوردانی فەیلی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رەزامەندیی پارێزگاری واستمان وەرگرتووە بۆ دروستکردنی پەیکەرێک بۆ تێکۆشەر حەبیب محەممەد کەریم لە ناحیەی زرباتییە؛ کورتەیەک لە ژیاننامە و خەباتەکەی لەسەر پەیکەرەکە دەنووسرێت، ئەمەش وەک وەفایەک بۆ مێژووە پڕ لە تێکۆشانەکەی."
حەبیب محەممەد کەریم لە ناحیەی زرباتییەی پارێزگای واست لەدایکبووە.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە ئامادەبوونی ئاراس حەبیب، (کوڕی حەبیب محەممەد کەریم)، عەلی حەسەن شەمەری، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای واست، جەعفەر عەبدولجەبار قایمقامی بەدرە و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی فەرمانگەکانی واست، سەردانی ئەو شوێنەیان کرد کە بڕیارە پەیکەرەکەی لێ دابنرێت.
حەبیب محەممەد کەریم کێیە؟
حەبیب محەممەد کەریم، یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی کورد، لە ساڵی 1931 لە زرباتییەی واست لەدایکبووە. لە ساڵی 1952 پەیوەندی بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە و بووەتە یەکێک لە سەرکردەکانی ئەو حیزبە.
گرنگترین وێستگەکانی ژیانی
- دوای رێککەوتننامەی 11ـی ئاداری 1970، مەلا مستەفا بارزانی حەبیب محەممەدی وەک بەربژێری کورد بۆ پۆستی جێگری سەرۆککۆماری عێراق دەستنیشان کرد، بەڵام حکومەتی ئەوکاتی عێراق لەبەر ئەوەی "کوردێکی فەیلی" بوو، رەتیکردەوە ئەو پۆستەی پێبدرێت، سەرەڕای سووربوونی مەلا مستەفا بارزانی لەسەر بەربژێرکردنی.
- دەرچووی کۆلێژی یاسای زانکۆی بەغدایە و هاوپۆلی هەریەکە لە جەلال تاڵەبانی، موحسین دزەیی و شەمسەدین موفتی بووە.
- بەهۆی خەباتەکەیەوە رەگەزنامەی عێراقی لێسەندرایەوە و رووبەڕووی گرتن، ئەشکەنجە و ئاوارەیی بووەوە.
- لە 30ـی تەممووزی 2013 لە لوبنان بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی گەڕێندرایەوە عێراق و لە گۆڕستانی وادی سەلام لە نەجەف بەخاکسپێردرا.



