رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە دانیشتووانی گەڕەکی بارووتخانەی شاری کەرکووک، پێنجشەممە، 2ـی تەمموزی 2026، کە هەڕەشەی رووخاندنی خانووەکانیان لێدەکرا، خۆپێشاندانیان کرد و بۆ ماوەی زیاتر لە دوو کاژێر، جووتسایدی رێگەی بازنەیی کەرکووکیان داخست و گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو.
خۆپێشاندەران دەڵێن: "زیاتر لە 360 خانوومان هەڕەشەی چۆڵکردن و رووخاندنیان لەسەرە و پێمان گوتراوە زەوییەکە دەکرێتە پڕۆژەی وەبەرهێنان."
یەکێک لە خۆپێشاندەران گوتی: "مەگەر هەموومان بکوژن، ئینجا خانووەکانمان بڕووخێنن. یەکێکی دیکە گوتی: "ئەم زەوییە 64 دۆنمە و هەمووی خانووی هەژار و پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدانی لەسەرە."
هاونیشتمانییەکی دیکە بەناوی شاڵاو خەلیفە بە رووداوی گوت: "لە ساڵی 2012ـەوە لێرە دەژیم." ژنێکی بەتەمەنیش لە ناو خۆپێشاندانەکە بوو گوتی: "بەخوا لە نەخۆشخانەوە هاتوومەتە ئێرە، ئەمە رەوایە؟"
دوای گردبوونەوەکە، نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گەیشتنە لای خۆپێشاندەران و بەڵێنیان پێدان کە خانووەکانیان نەڕووخێنرێن.
مازن غەریب، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، قسەی بۆ میدیاکاران کرد و گوتی: "خانوو ناڕووخێندرێت، بەڵام ئەو کەسانە دەستگیر دەکەین کە بازرگانی بە چارەنووسی ئەم هەژارانەوە دەکەن و زەوی دەفرۆشنەوە."
چوارشەممە، 1ـی تەمموزی 2026، لیژنەی لابردنی زێدەڕۆیی چەند خانوویەکی تەواونەکراویان لە هەمان ناوچە رووخاندبوو. رزگار سیروان، کە یەکێکە لە زیانلێکەوتووان، بە رووداوی گوت: "زیاتر لە 15 ملیۆن دینارم لە خانووەکەمدا خەرجکردبوو، کەچی کاتێک گەڕامەوە، رووخاندبوویان."
لیژنەکە تاوەکو رۆژی یەکشەممەی داهاتووی مۆڵەتی داوەتە دانیشتووانی گەڕەکەکە بۆ چۆڵکردنی ماڵەکانیان و بۆ گوشارخستنەسەریان، بەشێک لە کۆڵانەکانیان تێکداوە.


