رووداو دیجیتاڵ ناوەندی راگەیاندنی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە ئەنجامی تێکهەڵچوونی تیمێکیان لەگەڵ سەرنشینانی ئۆتۆمبێلێکی تایبەت، ئەفسەرێکی پۆلیس کوژرا. رووداوەکە شەوی پێنجشەممە، 03-07-2026، لە ناوەندی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان روویداوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی ناوەندی راگەیاندنی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگاکە، تیمێکیان لە کاتی راگرتن و پشکنینی ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پیژۆ 405، لەلایەن سەرنشینەکانەوە دەستڕێژی گوللەیان لێ کراوە و دواتر هەڵاتوون. وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، یەکێک لە ئەندامانی پۆلیس کە لە ئەنجامی تێکهەڵچوونەکە دا بریندار بووبوو، بەیانیی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست داوە. ناوی ئەفسەرە کوژراوەکە موحسین چەهرییە. پۆلیسی کرماشان بەبێ ئاماژەدان بە هیچ ناو و لایەنێکی دیاریکراو دەڵێت، تەقەکەرەکان ناسراونەتەوە و هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنیان بەردەوامە. تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ئامانجی تەقەکردنی سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە لە پۆلیس بڵاونەکراوەتەوە. کوژرانی ئەو پۆلیسە لە کاتێک دایە بەرەبەیانی رۆژی 30ـی حوزەیران، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری دا دوو ئەندامی سوپای پاسداران لە پاوەی کرماشان کوژران و دووی دیکەش بریندار بوون.
کوردستان03-07-2026نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ قالیباف کۆبووەوە؛ پرسی گفتوگۆکانی ئێران و ئەمریکا تاوتوێ کرا