رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران و پێشوازی لێکردنی لەلایەن باڵاترین بەرپرسانی ئێرانەوە نیشانەی پێگە و کاریگەریی هەرێمی کوردستانە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "هەرێمی کوردستان نەبووە و نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هیچ یەک لە دراوسێیەکانی."
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر، دوای گەڕانەوەی نێچیرڤان بارزانی لە تاران دوای بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، رایگەیاند: "نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمیی دکتۆر مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی تارانی کرد و وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەک نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی" بەشداری لە رێوڕەسمی ماڵئاوایی رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد.
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار؛ محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران جەخت لە هەڵوێستی بێلایەنانەی هەرێمی کوردستان لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا کرایەوە؛ گوتیشی: "نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە کێشەکانی ناوچەکە بە شەڕ و چەک یەکلایی نابنەوە و ئێمە هەرگیز پشتگیریی شەڕ نەبووین."
دەقی قسەکانی دڵشاد شەهاب لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا:
دڵشاد شەهاب: بەخێر بێن، زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونی هەموو لایەکتان. ئەمڕۆ لەسەر بانگهێشتی فەرمیی بەڕێز دکتۆر پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران، جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەردانێکی فەرمی بۆ وڵاتی ئێران کرد، کە بۆ بەشداریکردن بوو لە مەراسیمی ماڵئاواییکردن لە تەرمی خوالێخۆشبوو عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ئەمە لەسەر بانگهێشتێکی فەرمی بوو کە ئاراستەی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کرابوو، لەگەڵیدا بێگومان کۆمەڵێک دیداری زۆر باش بەڕێوەچوون، کە وەک ئەوەی لە هەواڵەکاندا بینیتان. بەڵام ئەوەی کە دەمەوێ لەسەر ناوەڕۆکی دیدارەکان باس بکەم، چ لەگەڵ بەڕێز سەرۆککۆمار و چ لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان و لەگەڵ بەڕێز وەزیری دەرەوە.
پێش ئەوەی بچمە نێو ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان، دەمەوێ لێرە ئاماژە بکەم کە یەکێک لە بانگهێشتە فەرمییانەی کە هاتبوو بۆ هەرێمی کوردستان، داوەتنامەیەکی فەرمی بوو بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی کە بەڕێزیان بە نامەیەک کە ئاراستەی سەرۆککۆماری کردبوو، تێیدا دووپاتکردنەوەی پرسه و سەرەخۆشی تێدا بوو بۆ ئەو کۆستەی هاتووەتە بەردەم کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ دڵسۆزی و هاوخەمی لەگەڵ گەل و میللەتی ئێران؛ هەروەها جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشی راسپاردبوو، واتە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەکو نوێنەری جەنابی سەرۆک بارزانی بەشداریی لە مەراسیمەکاندا کرد.
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان بێگومان چەند پرسێکی زۆر گرنگ بوون. یەک لە هەرە گرنگترینیان ئەوە بوو کە جەختکرایەوە لەسەر هەڵوێستی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لەو ئاڵۆزییانەی کە لەم دواییانە و ئەو شەڕەی کە لە ناوچەکەدا روویدا، کە هەرێمی کوردستان تێیدا هەڵوێستێکی بێلایەنانەی هەبووە و هەموو هەوڵ و کۆششەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوە بووە کە پارێزگاری لە پێگەی هەرێمی کوردستان بکرێت و ئەو بێلایەنییە بپارێزرێت.
دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەسەر زاری جەنابی نێچیرڤان بارزانی، کە لە پێش شەڕ و لە کاتی شەڕ و لە ئێستایشدا کە دوای شەڕە، هەر ئەوە بووە کە مێژووی ئەم ناوچەیە سەلماندوویەتی ئەم کێشە و گرفتانە بە شەڕ و بە چەک یەکلایی ناکرێنەوە. ئەم هەڵوێستە هەڵوێستێکی راگەیێندراوی جەنابیان بووە لەگەڵ هەموو لایەنەکان بەڕاستی، کە هیچ کاتێک ئێمە پشتگیریی شەڕ نەبووین و قەناعەتی ئێمە وابووە کە شەڕ چارەسەری ئەم گرفتانە ناکات. ئەمڕۆ دووپاتی ئەوە کرایەوە.
دەمەوێ لێرە ئاماژە بکەم کە هەموو لایەنەکان کە پەیوەندیدار بوون بەو ئاڵۆزییانەی لە ناوچەکە هەیە، چ ئەو لایەنانەی لە شەڕدا بوون و چ ئەو لایەنانەی زیانیان بەرکەوتووە، بە رێزەوە سەیری ئەو هەڵوێستەی هەرێمی کوردستان دەکەن.
بابەتێکی دیکە بێگومان پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو لایە، کە بەڕاستی لە هەموو حاڵەتێکدا ئێمە هەوڵمان داوە کە پارێزگاری لە دۆستایەتی و دراوسێیەتییەکی باش بکەین، چونکە دواجار گەل و دەوڵەتی ئێران دراوسێیەکی کاریگەری عێراق و هەرێمی کوردستانن.
بابەتێکی دیکە، ئەو گفتوگۆیانەیە کە ئێستا بەڕێوە دەچن لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، بێگومان لەوێشدا جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی پشتگیریی هەرێمی بۆ ئەو رێگە دروستە کردەوە، چونکە تەنیا رێگەیە ببێتە هۆکار بۆ ئەوەی چی دیکە گەلانی ئەم ناوچەیە مەینەتی نەکێشن بەهۆی هەبوونی ئاڵۆزییەکانەوە.
پشتیوانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم بابەتە دووپاتکرایەوە. بابەتێکی دیکەی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان نەبووە و نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هیچ یەک لە دراوسێیەکانمان، لە رابردووشدا بە کردەوە ئەوەمان سەلماندووە و بڕوای ئێمە وایە کە پێکەوەژیانی گەلانی ئەم ناوچەیە تەنیا رێگەیە کە ببنە هۆکاری سەقامگیری و هەمووان بە ئاشتی و بە ئاشتەوایی لەگەڵ یەکدی بژین.
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رای ئەوەیان هەبوو کە ئەمڕۆ رۆژێکی پڕ ئەرک بوو بۆ ئەوان و میوانێکی یەکجار زۆریان هەبوو، رۆژێکی زۆر گەورە و مێژووییە لەلای کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ هەموو ئەو سەرقاڵییانەی کە هەبوون، هەموو پێگە فەرمییەکانی ئێران پێشوازییان لە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد، ئەمەش دوو شت نیشان دەدات؛ کاریگەریی رۆڵی هەرێمی کوردستان نیشان دەدات، هەروەها ئەو رۆڵە کاریگەرەی کە جەنابی نێچیرڤان بارزانی گێڕاویەتی. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختیان لە گرنگیی هەرێمی کوردستان کردەوە و ئەم پەیوەندییانە بۆ هەردوولا گرنگن.
رووداو: لە چوارچێوەی سەردانەکەی ئەمڕۆتان، ئایا ئەو دیدگەیە لای ئێوە دروست بوو کە ناوچەکە بەرەو ئارامیی زیاتر دەڕوات؟ پرسیارێکی دیکەش، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هەبووە. ئەو پەیوەندییە تاوەکو چەند گرنگە بۆ ئەوەی هەر جۆرە لێکتێنەگەیشتنێک کە هەیە لە نێوان تاران و هەولێر نەمێنێت؟
دڵشاد شەهاب: یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ئەو سیاسەتەی کە لە لایەن جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بە ناوی هەرێمی کوردستانەوە پەیڕەو دەکرێ، ئەوەیە کە سەقامگیرییەک لە پەیوەندییەکاندا هەبێت، واتە جێگیرییەک هەبێت و رێگەیەکی دروست و راست هەبێت و لەگەڵ دۆخ و گۆڕانکارییەکاندا هەڵبەز و دابەزی تێنەکەوێ. وەک ئاماژەم پێکرد، روانگەی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری ئەو گرفتانەی لە ناوچەکەدا هەن، چ لە پێش شەڕ و چ لە کاتی شەڕ و چ لە ئێستایشدا کە شەڕ وەستاوە، هەر وەک یەک بووە. متمانەیەکی پتەو بە سیاسەتی هەرێمی کوردستان دروست بووە، لە دیدارەکان و سەردانەکانی پێشووتری جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەرە نێودەوڵەتییەکان و لە هاتنی میوانان بۆ ئێرە، راستییەکی بەڵگەنەویستە کە هەموویان بە بایەخەوە ئەم سیاسەتە هاوسەنگەی هەرێمی کوردستان هەڵدەسەنگێنن. بێگومان لەو چوارچێوەیەدا ئەو پەیوەندییانەی کە ئێوە باسی دەکەن، چ لە پێش شەڕدا پەیوەندی لەگەڵ بەڕێز وەزیری دەرەوەی ئێران هەبووە، لەنێو شەڕیشدا پەیوەندی هەبووە، ئێستاش ئەم پەیوەندییە بەردەوامە و لە ئایندەشدا بەردەوام دەبێ، چونکە ئێمە گەلی ئەم ناوچەیەین، ئێمە هەین و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش هەیە. ئێمە هەر دراوسێی یەکدی دەبین و هیچ بارودۆخێک نابێتە هۆکاری ئەوەی ئێمە لێک داببڕێین. رێگەی دروست ئەوەیە کە پەیوەندی لەگەڵ یەکدی بکەین.

