رووداو دیجیتاڵ
ئەندامانی جەستەی ژنێکی تەمەن 46 ساڵ دانیشتووی ورمێ، بەخشرانە سێ نەخۆش، کە پێویستیان بە چاندنی جگەر و گورچیلە بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، عەلی ئەفشانی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی زانکۆی پزیشکیی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیاند: "فەرناز حەسەنزادە، تەمەن 46 ساڵ، دوای ئەوەی بەهۆی نەخۆشییەوە تووشی مردنی مێشکی ببوو، بە رەزامەندیی پێشوەختە و بڕیاری خێزانەکەی، ئەندامانی جەستەی بەخشرانە ئەو کەسانەی پێویستیان پێیەتی."
بەگوێرەی زانیارییەکان، هەردوو گورچیلە و جگەری فەرناز حەسەنزادە، دەدرێتە سێ نەخۆش کە ماوەیەکی زۆر بوو لە نۆرەی چاندنی ئەندامدا بوون.
لە نەورۆزی ئەمساڵەوە ئەوە هەشتەم کەسە لە ورمێ ئەندامانی جەستەی دەبەخشێت و تاوەکو ئێستا 15 کەس کە پێویستیان بە چاندنی ئەندامی جەستە بووە سوودیان لێ وەرگرتووە.
پار 19 کەس لە پارێزگای ورمێ بەهۆی ئەوەی تووشی مردنی مێشک بوون، ئەندامانی جەستەیان بەخشراوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی تەندروستی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێستا نزیکەی 25 هەزار نەخۆش لە لیستی چاوەڕوانیدان بۆ وەرگرتنی ئەندامی جەستە، لە کاتێکدا ساڵانە تەنیا نزیکەی 800 کەس ئەندامەکانی جەستەیان دەبەخشن.
ئەو کەسانەی تووشی مێشک مردن دەبن، دەکرێت بەشێک لە ئەندامانی جەستەیان وەک (دڵ، جگەر، گورچیلە، پەنکریاس و سییەکان) ببەخشرێتە ئەو کەسانەی بەهۆی پەککەوتنی ئەندامەکانیانەوە لە لێواری مردندان. پزیشکان دەڵێن، یەک بەخشەر دەتوانێت ژیانی هەشت کەس لە مردن رزگار بکات.
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)
