رووداو دیجیتاڵ لە رێوڕەسمێکدا لە شاری هەولێر، کۆماری ئیتاڵیا مێدالیای "سوارچاکی خاچی مەزن"ی بەخشییە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە ئەمە باڵاترین نیشانەی رێزلێنانی ئەو وڵاتەیە. لە رێوڕەسمەکەدا باڵیۆز و کۆنسووڵی ئیتاڵیا و چەندین کەسایەتیی سیاسی و ئایینی ئامادە بوون. تۆماسۆ سانسۆنی، کۆنسووڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای رێوڕەسمەکەدا ئاماژەی بە مێژووی ئەم مێدالیایە کرد و رایگەیاند، ئەم رێزلێنانە بەپێی یاسای ژمارە 13ی ساڵی 2011 دامەزراوە و لەلایەن سەرۆککۆماری ئیتاڵیاوە دەبەخشرێتە ئەو کەسایەتییانەی رۆڵیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکاندا هەبووە. بۆچی ئیتاڵیا ئەو مێدالیایەی بەخشییە نێچیرڤان بارزانی؟ کۆنسووڵی گشتیی ئیتاڵیا هۆکارەکانی بەخشینی مێدالیاکەی بۆ نێچیرڤان بارزانی روونکردەوە و گوتی: "ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ پێگە سیاسییە ناوازەکەی جەنابیان. نێچیرڤان بارزانی چ وەک سەرۆکوەزیران و چ وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رۆڵی سەرەکیی هەبووە لە هاتنی کۆمپانیا ئیتاڵییەکان، کردنەوەی نووسینگەی باڵیۆزخانە لە 2011 و دواجار بەرزکردنەوەی ئاستی کونسوڵگەری بۆ کونسوڵگەریی گشتی لە ساڵی 2024 هەروەها رێکخستنی پێشەنگای ئیتاڵیا (Italy Expo) لە نێوان ساڵانی 2007 بۆ 2010 نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق، نێچیرڤان بارزانی بە "باشترین داکۆکیکار و دەربڕی پەیوەندییە قووڵەکان" وەسف کرد و رایگەیاند: "سەرکەوتنی سەردانی ئەم دواییەی جەنابیان بۆ رۆما، باشترین بەڵگەیە لەسەر ئەم پەیوەندییە. ئەم مێدالیایە پێزانینە بۆ سەرکردایەتییە واقیعبینانەکەی ئەو و هەوڵە بەردەوامەکانی لەپێناو گفتوگۆ و ئاشتیدا لە بەرزترین ئاستدا." باڵیۆزی ئیتاڵیا جەختی لەوەش کردەوە کە نێچیرڤان بارزانی هەمیشە ئاسانکاریی بۆ هێزە سەربازییەکانی ئیتاڵیا و 12 تیمی شوێنەوارناسیی ئەو وڵاتە کردووە، کە ئێستا لە کوردستاندا کار دەکەن. نێچیرڤان بارزانی: شانازی بە وەرگرتنی ئەو مێدالیایە دەکەم نێچیرڤان بارزانی، دوای وەرگرتنی مێدالیاکە، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سێرجیۆ ماتارێلا، سەرۆککۆماری ئیتاڵیا کرد و رایگەیاند: "خۆشحاڵم و شانازی بە وەرگرتنی ئەم مەدالیایە دەکەم. ئەمە رێزلێنانە لە پەیوەندییە مێژووییەکانی ئیتاڵیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان." نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە رۆڵی کاریگەری ئیتاڵیا لە شەڕی دژی داعش و مەشقپێکردنی پێشمەرگە کرد و گوتی: "ئیتاڵیا هاوبەشێکی جێگەی متمانەیە. ئێمە سوپاسی هاوکارییە سەربازی و کولتوورییەکانیان دەکەین، بەتایبەت تیمە شوێنەوارناسییەکان کە رەنگدانەوەی بایەخدانی قووڵی ئیتاڵیایە بۆ شارستانییەتی مرۆڤایەتی." سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کڕینی زەوی و دروستکردنی بینای کونسووڵخانەی گشتیی ئیتاڵیای لە هەولێر بە "نیشانەی نیازی جیدیی رۆما بۆ مانەوە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان" وەسف کرد. لە کۆتایی گوتارەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک بەشێکی گرنگی عێراق، بە نیشتمانی ئارامی پێکەوەژیان و لێبووردەیی بۆ هەموو پێکهاتەکان دەمێنێتەوە و پابەند دەبێت بە رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی ئافرەتان، هەروەها وەک هاوبەشێکی بەرپرسیار لە چەسپاندنی ئاسایشی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پایتەختەکانی ئەوروپا و جیهان بەردەوام دەبێت. مێدالیای ئەستێرەی ئیتاڵیا چییە و بە کێ دەبەخشرێ؟ مێدالیای (ئەستێرەی ئیتاڵیا) بەرزترین رێزلێنانی مەدەنیی ئەو وڵاتەی ئەورووپایە و لەسەر بنەمایەکی یاسایی و دەستووریی ورد دامەزراوە و دەبەخشرێ. ئەم خەڵاتە بەشێکە لە ستراتیژیی دەوڵەتی ئیتاڵیا بۆ بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەکانی لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. پرۆسەی بەخشینی ئەم مێدالیایە راستەوخۆ لە مادەی 87ـی دەستووری ئیتاڵیاوە سەرچاوە دەگرێ، کە دەسەڵاتی تەواو دەداتە سەرۆککۆمار بۆ بەخشینی خەڵات و پێزانینە نیشتمانییەکان. لە ساڵی 2011دا بنەماکانی بەخشینی ئەم مێدالیایە بە گوێرەی یاسا نوێکرانەوە و ئامانجی خەڵاتەکە لە پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوەی دوای جەنگی دووەمی جیهانیی ئەو وڵاتەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی گۆڕدران. گۆڕانکارییە یاساییەکەی ساڵی 2011 یاسا کۆنەکانی ساڵی 1948ی هەڵوەشاندنەوە و مەرسوومی سەرۆکایەتیی ژمارە 221یش رێکارە کارگێڕییەکان دیاری دەکات. پرۆسەی بڕیاردان؛ لە وەزارەتەوە بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی پڕۆسەی بەخشینی مێدالیاکە بەم جۆرەیە: - پێشنیاری وەزیر: وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ناوی بەربژێر یان بەربژێرەکان بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە پێشنیاز دەکات. - راوێژی ئەنجوومەن: وەزیری دەرەوە لەگەڵ (ئەنجوومەنی نیشانەکان) کۆدەبێتەوە کە لە 5 ئەندام پێکهاتووە. - مەرسوومی سەرۆکایەتی: ناوی بەربژێر یان بەربژێرەکان بۆ سەرۆکی وڵات بەرزدەکرێتەوە و ئەویش بۆچوونی خۆی دەردەبڕێ و واژۆی دەکات. ئەم خەڵاتە تەنیا بۆ بواری سیاسی نییە، بەڵکو رێزگرتنە لەو کەسانەی لە بوارەکانی زانست، تەکنەلۆژیا، چالاکییە مرۆییەکان، بازرگانی، کولتووری و هونەریدا رۆڵی بەرچاویان هەبووە. پلەکانی مێدالیاکە سیستمی رێزلێنانەکە لە پێنج پلەی سەرەکی پێکدێ: - سوارچاک - ئەفسەر - فەرماندە - ئەفسەری باڵا - سوارچاکی خاچی گەورە کێ خەڵاتی سوارچاکی خاچی وەرگرتووە؟ تاوەکو ئێستا ژمارەیەک کەسایەتیی ناسراو و کاریگەر لە بوارەکانی خۆیان ئەم پلەیان وەرگرتووە، لەوانەش: - ماوریسیۆ ماکری، سەرۆکی ئەرجەنتین لە ساڵانی 2015-2019 - بۆیکۆ بۆریسۆڤ، سەرۆکوەزیرانی بولگاریا لە ساڵانی 2009-2021 - جۆش گرین، حاکمی ویلایەتیی هاوایی ئەمریکا - شارلین لینێت مۆناک، شازادەی مۆناکۆ - هۆرست زێهۆفەر، سیاسەتڤانی ناسراوی ئەڵمانیا. - کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ناسراوی تۆپی پێ کە 5 جار وەک راهێنەر خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپای بردووەتەوە. - فێرناندۆ ئەلۆنسۆ، پاڵەوانی فۆرمیولا وەن. - فرانک سیناترا، هونەرمەندی ئەفسانەیی ئەمریکا - گرەیس کێڵی، ئەکتەری ئەمریکی براوەی ئۆسکار - فوئاد تەوال، پاتریاکی قودس. - میونگ-وهون چونگ، مایسترۆ و پیانۆژەنی ناوداری کۆریای باشوور. گوتاری تۆماسۆ سانسۆنی، کۆنسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان: ئێوارەتان باش، بەخێربێن سەرچاوان. جەنابی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، بەرپرسانی سیاسی و نوێنەرانی ئایینی و میوانانی ئازیز، دۆستانی ئیتاڵیا، عێراق و کوردستان. ئێوارەتان باش و بەخێربێن بۆ رێوڕەسمی بەخشینی مەدالیای ئەستێرەی ئیتاڵیا بە پلەی سوارچاکی خاچی مەزن بە جەنابی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان. تەنیا بۆ روونکردنەوەیەکی پێویست دەربارەی ئەم رێوڕەسمە، مەدالیای ئەستێرەی ئیتاڵیا بەپێی یاسای ژمارە 13 لە 3ـی شوباتی 2011 دامەزراوە. ئەم رێزلێنانە باڵایە لەلایەن سەرۆککۆماری ئیتاڵیاوە لەسەر پێشنیازی وەزارەتی دەرەوە و دوای راوێژکردن لەگەڵ ئەنجوومەنی مەدالیاکە، دەبەخشرێتە ئەو کەسایەتییە دیارانەی رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانە و هاوبەشی نێوان ئیتاڵیا و وڵاتانی دیکە. ئێستا هۆکارەکانی بەخشینی ئەم مەدالیاى رێزلێنانە دەخوێنمەوە: داواکاری بەخشینی بەرزترین پلەی مەدالیای ئەستێرەی ئیتاڵیا بە سەرۆک بارزانی، دەگەڕێتەوە بۆ پێگەی سیاسیی ناوازە و باڵای جەنابیان و ئەو پەیوەندییە نزیکەى هاوکارییە کە لە نێوان جەنابیان و باڵیۆزخانە و کونسوڵگەریی گشتیی ئیتاڵیادا هاتووەتە ئاراوە. لە پێگەی خۆیدا، چ وەک سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و چ وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەنابیان رۆڵێکی سەرەکی گێڕاوە لە بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا. لە ساڵانی یەکەمی دوای رووخانی رژێمی بەعسدا، رۆڵی جەنابیان لە هاتنی کۆمپانیا ئیتاڵییەکان بۆ ناو بازاڕی عێراق و کوردستان گرنگ بوو، هەروەها لە رێکخستنی پێشەنگای ئیتاڵیا (Italy Expo) لە نێوان ساڵانی 2007 بۆ 2010 رۆڵێکی سەرەکی بوو. ساڵی 2011، پشتگیریی جەنابیان هۆکارێکی یەکلاکەرەوە بوو بۆ کردنەوەی نووسینگەی باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا لە هەولێر، کە دواتر لە ساڵی 2016 بووە کونسوڵگەری و لە ساڵی 2024ـیشدا بەهۆی هەوڵە بەردەوام و بێوچانەکانی جەنابیانەوە لەگەڵ حکومەتی بەغدا، پلەکەی بەرزکرایەوە بۆ کونسوڵگەریی گشتی. بە هەمانشێوە، بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەکانی کوردستان لەسەر رێنماییە راستەوخۆکانی جەنابیان، هاوکاری پێشکەش بە سەرجەم هێزە سەربازییەکانی ئیتاڵیا و 12 تیمی شوێنەوارناسی ئیتاڵی کراوە، کە ئەمڕۆ لە سەرتاسەری کوردستاندا کار دەکەن. زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونی هەموو لایەک." نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق "جەنابی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، بەرپرسانی سیاسی، نوێنەرانی ئاینی، دیپلۆماتکاران و میوانانی هێژا. بۆ من و بۆ کونسوڵی گشتی سانسۆنی، جێگەی خۆشحاڵییەکی گەورەیە کە بەخێرهاتنتان دەکەین و هەمووتان لێرەدا پێکەوە شانی یەکتری دەبینین، رێک بەو شێوەیەی کە ئیتاڵیا هەمیشە هیوادارە دەسەڵاتدارانی کوردستان بە یەکگرتوویی ببینێت. رێوڕەسمەکەی ئەمڕۆ ئەو دۆستایەتییە راستگۆیانەیە دەپڕژێنێتەوە کە ئیتاڵیا، عێراق و کوردستان لەگەڵ دامەزراوە و گەلانیان پێکەوە دەبەستێتەوە. جەنابی نێچیرڤان بارزانی، باشترین دەربڕ و داکۆکیکاری سەرسەختی ئەم پەیوەندییە قووڵە بووە؛ سەرکەوتنی سەردانی ئەم دواییەی جەنابیان بۆ رۆما، نوێترین بەڵگەیە لەسەر ئەم راستییە. ئەو رێزلێنانەی لەلایەن سەرۆک سێرجیۆ ماتارێلاوە بەخشراوە، وەک پێزانینێکە بۆ سەرکردایەتییە واقیعبینانەکەی جەنابیان و هەوڵە بەردەوامەکانی لە پێناو گفتوگۆ و ئاشتیدا لە ماوەی چەندین دەەی کارکردنی دامەزراوەیی لە بەرزترین ئاستدا. جەنابیان کە بە قووڵی بە کولتووری ئیتاڵیاوە بەستراوەتەوە، پشتگیریی بێمەرجی خۆی بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییە سیاسییەکان لەگەڵ رۆما، هەروەها بوونی ئیتاڵیا لە عێراق و کوردستان نیشان داوە. هەمیشە ئاسانکاریی کردووە بۆ چالاکییەکانی هێزە سەربازییەکانی ئیتاڵیا کە لە باکووری عێراق جێگیرکراون، پەرەی بە هاوکارییە ئابوورییەکان داوە لەگەڵ کۆمپانیا ئیتاڵییەکان و هانی قووڵکردنەوەی هەماهەنگییە کولتوورییەکانی داوە. بەو هیوایەی عێراق و کوردستان بەردەوام بن لە بەهرەمەندبوون لە سەرکردایەتییە دانای جەنابی نێچیرڤان بارزانی، بە ناوی سەرۆککۆماری ئیتاڵیاوە، جەنابی سێرجیۆ ماتارێلا، ئەمڕۆ بە فەرمی پلە و بڕوانامەی سوارچاکی خاچی مەزن لە مەدالیای ئەستێرەی ئیتاڵیا پێشکەش بە جەنابیان دەکەم. تکایە لەگەڵم بن بۆ بەخێرهێنانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ سەر ستەیج." نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان: "بەڕێز باڵیۆزی ئیتاڵیا، بەڕێز کۆنسووڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان، جەنابی پاتریارک، پیاوانی ئاینی، ئامادەبوانی بەڕێز، ئێوارەتان باش و هەموولایەکتان بەخێربێن. خۆشحاڵم و شانازی دەکەم بە وەرگرتنی ئەم مەدالیایە. پڕبەدڵ سوپاس و پێزانینم ئاراستەی جەنابی سەرۆککۆمار سێرجیۆ ماتارێلا و حکومەت و گەلی ئیتاڵیا دەکەم بۆ ئەم رێزلێنانە باڵایە. ئەمە رێزلێنانە بۆ پەیوەندیی مێژوویی و دێرینی ئیتاڵیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان. هاوکات پێزانینە بۆ هەموو ئەوانەی لە ساڵانی رابردوودا بە دڵسۆزییەوە کاریان بۆ بنیاتنان و بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییە دووقۆڵییە کردووە. ئیتاڵیا هەمیشە هاوبەش و دۆستێکی جێگەی متمانەی عێراق و هەرێمی کوردستان بووە و بەردەوامە. ئێمە هەڵوێستە سیاسییەکان و پشتگیریی دیپلۆماسیی بەردەوامی ئیتاڵیا بەرز دەنرخێنین. شانازی بەو رۆڵە گرنگەوە دەکەین کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیدا لە شەڕی دژی داعشدا گێڕاویەتی. پشتگیریی سەربازیی ئیتاڵیا، راهێنان و مەشقکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و پشتیوانیکردن لە هێزە عێراقییەکان، کاریگەرییەکی گرنگی هەبوو لە پاراستنی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی و تێکشکاندنی تیرۆر و داکۆکیکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکەمان. ئەمڕۆش ئێمە بەردەوام بەو هاوکارییە خۆشحاڵین، بەتایبەتی لە پشتگیریکردنی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و بنیاتنانی تواناکانیان. ئەم هاوکارییە بە وەبەرهێنان لە ئاستی عێراق و سەقامگیریی ناوچەکەدا دەبینین. هەروەها پێزانینی زۆرمان بۆ بەشداریی بەرچاوی ئیتاڵیا هەیە لە پاراستنی کولتوور و میراتی مرۆڤایەتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق. ئەوەش لە ڕێگەی تیمەکانی شوێنەوارناسیی زانکۆ ئیتاڵییەکانەوە کە کار و توێژینەوەی زانستیی گرنگیان ئەنجامداوە و هێشتاش بەردەوامن و بەشدارییان کردووە لە لێکۆڵینەوە، پاراستن و نوژەنکردنەوەی چەندین پێگەی شوێنەواری و مێژوویی لە کوردستان و عێراق. ئەمە رەنگدانەوەی بایەخدانی قووڵی ئیتاڵیا و شارستانییەتی هاوبەشی مرۆڤایەتییە. پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیتاڵیا تەنیا لە سنووری سیاسەت و ئاسایشدا نامێنێتەوە، بەڵکو کایەکانی ئابووری و وەبەرهێنان و کولتوور و خوێندن و شوێنەواریشی لەخۆیەوە گرتووە. ئێمە چاوەڕوانین و خوازیارین ئەم هاوبەشییە فراوانتر بکەین، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوو وڵات بکات، هاوکاریی نێوان دامەزراوەکانمان بەهێزتر بکات و ئاسۆیەکی نوێ بۆ نەوەکانی داهاتوومان بێت. کڕینی زەوی و دروستکردنی بینایەی کونسوڵخانەی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان، نیشانەی نیازی جیدیی ئیتاڵیایە بۆ براودانی زیاتر بە پەیوەندییەکان و مانەوەیان لە هەرێمی کوردستاندا. هەر لەم بۆنەیەدا دەمەوێ جەخت لەوە بکەمەوە کە هەرێمی کوردستان وەک بەشێکی گرنگی عێراق، بۆ هەمیشە بە نیشتمانێکی ئارام بۆ سەرجەم پێکهاتە ئاینی و نەتەوەکانی دیکە دەمێنێتەوە. بەردەوام دەبێت لە پاراستنی کولتووری پێکەوەژیان، لێبوردەیی، قبوڵکردنی ئەویتر و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان و مافەکانی ئافرەت. ئێمە شانازی بەو کولتوورە دەکەین کە بەشێکی رەسەنی ناسنامەی گەلی کوردستانە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە. دەمەوێ ئەوەش دووپات بکەمەوە، کە هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی بەرپرسیار و کارا دەمێنێتەوە لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و لە ناوچەکەدا، و بەردەوام دەبێت لە بنیاتنانی پەیوەندیی هاوسەنگ و پتەو لەگەڵ رۆما، هەروەها لەگەڵ سەرجەم پایتەختەکانی ئەوروپا و جیهان و ناوچەکە، لەسەر بنەمای گفتوگۆ، رێز و پەیوەندیی هاوبەش. لێرەوە دووبارە سوپاس و پێزانینی قووڵم بۆ ئەم رێزلێنانەی ئەمڕۆ دەردەبڕم، بە ناوی گەلی کوردستان و عێراق و بە ناوی هەر یەکەیەکی کە لە بەهێزکردنی دۆستایەتی نێوان هەردوولادا بەشداربووە. بە شانازییەوە ئەمڕۆ ئەم مەدالیایە وەردەگرم. سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە کاریان کردووە بۆ پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییەی کە ئەمڕۆ لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیادا هەیە.