رووداو - دیجیتاڵ
ماوەیەکە پچڕانی بەردەوام و خێرای کارەبای نیشتمانی لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بووەتە کێشە بۆ کاسبکاران؛ لە هەندێک شوێن لە ماوەی نیو کاژێردا کارەبا 10 جار دەکوژێتەوە و دێتەوە. ئەم دۆخە بووەتە هۆی سووتانی ئامێرە کارەباییەکان و پەککەوتنی کار و کاسبیی ئەو شوێنانەی پێویستییان بە بەردەوامیی کارەبا هەیە.
بەختیار محەممەد، کاسبکارێکە و پچڕانی بەردەوامی کارەبا زیانی دارایی لێداوە، ئەو بە رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە ماوەی نیو کاژێردا 10 جار کارەبا هات و چوو، ئەمەش زۆر خراپە و شتەکانمان دەسووتێنێت. بۆ نموونە ئەگەر ئامێرێکی پلەستەیشن 5 بسووتێت، تێچووی چاککردنەوەی کەمتر لە 100 دۆلار نییە."
ئارام رەشید، دوکاندارێکی دیکەیە و باس لە سستبوونی کارەکەی دەکات بەهۆی ناجێگیریی کارەباوە و دەڵێت: "لە بەیانییەوە کارەبا 7 جار بڕاوە، من کارم دانانی یاری و بەرنامەیە لەسەر ئامێرەکان، کاتێک بەرنامەیەک دادەنێم و دەگاتە 70٪، کە کارەبا دەکوژێتەوە دەبێت لە سەرەتاوە دەستپێبکەمەوە."
زیاتر لە مانگێکە بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان کەمی کردووە و کاژێرەکانی پێدانی کارەبا کەمبوونەتەوە. بەرپرسانی وەزارەتی کارەبا هۆکارەکەی بۆ "زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا" و بوونی "کێشەی تەکنیکی" لە هەندێک وێستگە دەگەڕێننەوە، کە رێگرە لەوەی کارەبا بە شێوەی 24 کاژێری بەردەوام بێت.
پڕۆژەی "رووناکی" کە لە ساڵی 2024ـەوە دەستیپێکردووە، ئامانجی ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای 24 کاژێری بۆ هەموو هەرێمی کوردستان دابین بکات. بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو:
- لە سلێمانی و هەڵەبجە کێشەی پچڕانی بەردەوامی کارەبا نییە و دۆخەکە جێگیرە.
- لە هەولێر، دهۆک و سۆران کێشەی پچڕان و کوژانەوەی بەردەوامی کارەبا هێشتا
بەردەوامە.
ئەمە لەکاتێدایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 90٪ـی ئەو شوێنانەی پڕۆژەی رووناکی گرتوویەتییەوە، سوودمەند بوون لە کارەبای بەردەوام، بەڵام کاسبکارانی ئەو ناوچانەی هێشتا کێشەکەیان تێدایە، چاویان لە چارەسەرێکی خێرایە بۆ ئەوەی زیانە داراییەکانیان زیاتر نەبێت.
.jpg&w=3840&q=75)
