رووداو دیجیتاڵ
کارکردن لە پڕۆژەی یاریگەی ئۆڵۆمپیی کەرکووک لە ساڵی 2011ـەوە دەستی پێکردووە و بڕیاربوو ساڵی 2014 تەواو بکرێت. تاوەکو ئێستا لە سێ قۆناغدا زیاتر لە 30 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکە خەرجکراوە، لەکاتێکدا تێچووی گشتیی پڕۆژەکە 36 ملیار دینارە. بەپێی بەدواداچوونەکان، ئەو بەشەی پڕۆژەکەش کە جێبەجێ کراوە، ئێستا تێکچووە و بەکەڵکی بەکارهێنان نایەت.
کۆمپانیای جێبەجێکار و سێ کابینەی یەک لەدوای یەکی وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق، بە هەدەردانی پارەی ئەو پڕۆژەیە تۆمەتبار دەکرێن.
پەروین فاتیح، سەرۆکی لیژنەی وەرزش و لاوان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند: "لە ساڵی 2014ـەوە ئەو کێشەیە چارەسەر نەکراوە. دەگوترێت سەدا 86 ـی پڕۆژەکە تەواو بووە، بەڵام لە راستیدا کەموکوڕیی زۆری تێدایە. بۆیە پڕۆژەیەکمان پێشکەشی سەرۆکی ئەنجوومەن کردووە و ئەندامانی پارتی و یەکێتی پاڵپشتییەکی باشی تەواوکردنی دەکەن."
بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی پارێزگا پێکهێنراوە و بڕیارە لەڕێگەی داواکاری لە حیزبەکان، بڕە پارەیەک بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە کۆبکرێتەوە.
دۆسیەکانی فڕۆکەخانە و نەوت دەکرێنەوە
جگە لە یاریگەی ئۆڵۆمپی، دۆسیەی گەندەڵی لە چەندین پڕۆژەی دیکەی ستراتیژیی کەرکووک سەریان هەڵداوەتەوە، لەوانە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک، کۆمپانیای نەوتی باکوور و چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی نێو شار.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، ئاماژە بەوە دەکات کە تەواوی ئەو دۆسیانەی ئامادە کردووە و رادەستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی دەکاتەوە. گوتیشی: "دۆسیەی فڕۆکەخانەی کەرکووک کە چەندین ملیار دیناری تێدا خواراوە، لەگەڵ دۆسیەی نەوت و گاز و پڕۆژەکانی ناوشار، دووبارە دەدەینە سەرۆکوەزیران بۆ ئەوەی کاریان لەسەر بکات، چونکە پێشتر لە بەدواداچوونەکان نائومێد بووبووین."
هەڵمەتی دەستگیرکردن لە کەرتی نەوت
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، هەڵمەتێکی دەستگیرکردن بۆ ئەو کەسانە دەستی پێکردووە کە تێوەگلاون لە گەندەڵییەکانی کەرتی نەوت. بەو پێیەی کۆمپانیای نەوتی باکوور یەکێکە لە کۆڵەگە سەرەکییەکانی ئەو کەرتە، لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەنێو کۆمپانیاکەدا دەستی پێکردووە بۆ گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان و دەستگیرکردنی گەندەڵکاران.

