رووداو دیجیتاڵ ئیمارات سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان دەکات و بە "دوژمنکارانە" وەسفی دەکات. رۆژی هەینی، 17ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئەم هێرشە پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی کۆماری عێراق و هەرێمی کوردستانە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزارەتی دەرەوە هاوسۆزیی تەواوی ئیماراتی بۆ عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و پاڵپشتیی خۆی بۆ هەر هەنگاوێک دووپات کردووەتەوە کە ببێتە هۆی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکە. چەند رۆژێکە چەندین هێرش کراونەتە سەر سنووری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی. دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 8 درۆن لە ئاسمانی پارێزگای هەولێر لەلایەن هاوپەیمانانەوە تێکشکێندراون. سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "هێرشە بێ پاساوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین و بەردەوامیی ئەم هێرشانە، سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە تێک دەدات." بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئەمڕۆ، هەرێمی کوردستان بە 904 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە. لە ئەنجامدا 30 شەهید و 138 بریندار هەن. ژمارەی هێرشەکان بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیە بوون: پارێزگای هەولێر: 617 هێرش پارێزگای سلێمانی: 254 هێرش پارێزگای دهۆک: 31 هێرش پارێزگای هەڵەبجە: 2 هێرش