بەهۆی هێرشەکانی ئێران بۆ سنووری پارێزگای هەولێر، گەشتەکانی ئیستەنبووڵ-هەولێر بۆ 48 کاژێر دواخران، بەڵام فڕۆکەخانەی هەولێر کراوەیەوە و بڕیارەکە تورکیش ئێرلاین داویەتی.
دەیان هاونیشتمانیی باشووری کوردستان، ئێستا لە فڕۆکەخانەکانی ئیستەنبووڵ و سەبیحە لە شارئیستەنبووڵی تورکیا گیریان خواردووە و گەشتەکانیان بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، فڕۆکەخانەی هەولێر کرایەوە و گەشتەکان لەکاتی خۆیاندا دەکرێن.
بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین، لەلای خۆیەوە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکانی داوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، گەشتەکان بۆ 48 کاژێر دواخراون و، تاوەکو 24 کاژێر دیکەش فڕۆکەکانی ئیستەنبووڵ-شرنەخ پڕ بوون و ئەو هاونیشتمانییانە ناتوانن لە شرنەخەوە بە ئۆتۆمبێل بگەڕێنەوە.
پێشتریش دوو گەشت بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر و مام جەلال (سلێمانی) لە عەممانی پایتەختی ئوردنەوە هەڵوەشێنرابوونەوە.

