رووداو دیجیتاڵ
دوای هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و راگرتنی گازی سروشتی لەلایەن کۆمپانیای دانەگازەوە، ئەمڕۆ 140 تۆن گازی سروشتی هاوردەی هەرێمی کوردستان کرا. ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "لە رۆژانی داهاتوودا بڕی زیاتر هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت."
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رۆژی هەینی 17ـی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە هەوڵی بەڕێز وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم و بە هاوئاهەنگی بەڕێز وەزیری نەوتی فیدراڵی، رەزامەندی درا بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی غازی هەرێم."
بە گوتەی سیپان شێروانی، دوای بەدواداچوون و چاودێریکردن بۆ رێکارەکان لەگەڵ بریکاری وەزیر بۆ کاروباری گاز و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای پڕکردن و خزمەتگوزاریی گازی فیدراڵی و کۆمپانیای گواستنەوەی گاز، بڕی 140 تۆن گاز هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە.
سیپان شێروانی روونیکردەوە، لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی لە رۆژانی داهاتوودا زیاد بکرێت، "چونکە ئەم بڕە کەمە و بەشی پێویستی و خواستی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ناکات."
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ کۆمپانیای دانەگاز رایگەیاندبوو، بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە بەرهەمهێنانی گازیان لە کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە شێوەیەکی کاتی راگرتووە و دوابەدوای ئەمەش وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دڵنیاییان بە هاووڵاتییان بەخشی و رایانگەیاند، ناهێڵن قەیرانی گاز دروست بێت.

