شەوی هەینی هێرش کرایە سەر بارووتخانەی تاسڵوجەی سەر بە پارێزگای سلێمانی و ئاگر لە ناوچەکە کەوتووەتەوە. بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی 122 دەڵێ، "بریندار هەن، بەڵام برینەکانیان سووکن." سامان نادر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی 122 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: " لە ئاکامی هێرشەکەی سەر تاسڵوجە 2-3 بریندار هەن، بەڵام برینەکانیان سووکن و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە." بەرگریی شارستانیی سلێمانی دڵنیایی بە هاووڵاتیانی ناوچەکە دا و رایگەیاند: " تیمەکانمان لە شوێنی رووداوەکەدان و هیچ ترس و دڵەڕاوکێیەکتان نەبێت." هاوکات داوای لە هاوڵاتییانیش کرد، لە شوێنی رووداوەکە دوورکەونەوە و شەقامەکان بۆ هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی ئاگرکووژێنەوە چۆڵ بکەن. هەڤاڵ ئەبووبەکر، پارێزگاری سلێمانی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاند: " بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکان بۆ شاری سلێمانی و کوردستان دەکەین." گوتیشی: "هەرێمی کوردستان و حکومەتی خۆجێیی سلێمانییش، بێلایەنانە و بەپرسیارانە، بەشێک نین لەم جەنگەی بەرۆکی ناوچەکەی گرتووە." هەر ئەمشەو هەینی، بە چوار درۆن هێرش کرایە سەر هەولێر، بەڵام بەر لەوەی درۆنەکان ئامانج بپێکن، تێکشکێنران. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هیچ زیانی گیانیی نەبووە. بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوەتاوەکو ئەمڕۆ، هەرێمی کوردستان بە 909 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە. لە ئەنجامدا 30 شەهید و نزیکەی 141 بریندار هەن، لەم هێرشانە 259 یان بۆ سەر پارێزگای سلێمانی بوون.