رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی، گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی هەردوو پارێزگا بەردەوامن و تەنیا دوو گەشت هەڵوەشێنراونەتەوە کە هەردووکیان لە عەممانی پایتەختی ئوردنەوە بووە.
شەوی هەینی، 17ـی تەممووزی 2026 ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێرشەکان نەبوونە هۆی دواخستنی گەشتەکان و لەکاتی دیاریکراودا گەشتەکان کراون و دەکرێن. بەڵام گەشتێکی عەممان-هەولێر هەڵوەشێنراوەتەوە.
رووداو پەیوەندیی بە کارگێڕیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مام جەلالەوە کرد و بە رووداویان گوت، ئەمشەو تەنیا یەک گەشت هەڵوەشاوەتەوە.
لەبارەی گەشتەکەش گوتیان، "لە عەممانەوە بۆ سلێمانی بوو، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەکەش لە ئوردنەوە بووە نەک سلێمانی."
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوەتاوەکو ئەمڕۆ، هەرێمی کوردستان بە 913 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە. لە ئەنجامدا 30 شەهید و نزیکەی 141 بریندار هەن، لەم هێرشانە، 621یان بۆ سەر پارێزگای هەولێر، 259 یان بۆ سەر پارێزگای سلێمانی، 31 بۆ سەر دهۆک و 2 بۆ سەر هەڵەبجە بووە.

