رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای هێرشەکان بە درۆن و مووشەک بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام فڕۆکەخانەکان کراوەن و گەشتەکان بەردەوامن.
لاوەند مەموندی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فڵای ئەربیل، شەممە 18-7-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گەشتەکانیان بەردەوامن، ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەشتی ترابزۆن لە تورکیا، کۆپنهاگن لە دانیمارک، شتوتگارت و دۆسڵدۆرف لە ئەڵمانیایان هەیە، بەشێک لە گەشتەکان کراون و ئەوانی دیکەش لە کاتی خۆیاندا دەکرێن،
مەموندی گوتی: "تاوەکو ئێستا هەموو گەشتەکانی فڵای ئەربیل بۆ وڵاتانی جیهان وەکو دیاریکراون دەکرێن و هیچ گۆڕانکارییەک رووینەداوە".
بەگوێرەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی، جگە لە هەڵوەشاندنەوەی دوو گەشتی عەممان و ئیستەنبووڵ لەلایەن هێڵە فڕۆکەوانییەکانی ئەو دوو وڵاتەوە، گەشتەکانی دیکەی فڕۆکەخانەکە بەردەوامن و کاژێر 08:40ـی بەیانی ئەمڕۆ گەشتێکی هێڵی ئاسمانیی عێراق بەڕێکەوتووە بۆ ئیستەنبووڵ.
لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، چەند گەشتێک بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە هەڵوەشاونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاسمانی فڕۆکەخانەکە کراوەیە و چەند گەشتێک لەکاتی خۆیدا کراون.
بەگوێرەی فڕۆکەی نێودەوڵەتی هەولێر، کاژێر 02:20ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەیەک لە لەندەنەوە گەیشتووەتە فڕۆکەخانە، هەروەها کاژێر 05:52 فڕۆکەیەک لە ئەڵمانیا و فڕۆکەیەکیش لە کاژێر 06:12 لە قاهیرەوە گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەکە.
دوایین فڕۆکە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کە گەیشتبێت، فڕۆکەیەک بووە لە شاریقەوە لە ئیمارات لە کاژێر 11:23ـی پێش نیوەڕۆ گەیشتووەتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر. فڕۆکەخانەکە رایگەیاندووە، گەشتەکان بەردەوام دەبن.


