رووداو دیجیتاڵ لە قەزای حەویجەی باشووری کەرکووک، بەهۆی کێشەیەکی کۆنی زەوی و زارەوە شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵەدا روویدا؛ لە ئەنجامدا 8 کەس بریندار بوون و پۆلیسیش سەرجەم بەشداربووانی شەڕەکەی دەستگیر کرد. عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: شەڕەکە کاژێر 11:50ـی شەوی رابردوو لەنێوان دوو بنەماڵەی گوندی 'نەکار' و گوندی 'محەممەد رەمەزان'ـی سەر بە قەزای حەویجە روویداوە. سەبارەت بە هۆکاری شەڕەکە، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتی: کێشەکە پەیوەندی بە زەوی و زارەوە هەبووە و لایەنێکیان زەوییەکی کشتوکاڵیی لایەنەکەی دیکە سووتاندووە، هەرچەندە زەوییەکە هیچ بەروبوومێکی تێدا نەبووە، بەڵام بووەتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕەکە. بە گوتەی عامر شوانی، لەو شەڕەدا "دار و بۆری ئاسن" بەکارهاتووە و زۆربەی بریندارەکان لە سەریان دراوە. ئەو 8 کەسەی کە لە شەڕەکەدا بریندار بوون و دواتر دەستگیرکراون، تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 68 ساڵدایە. گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتیشی: مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ماحوز گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دۆخەکەیان کۆنترۆڵ کردووە. بریندارەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی گشتیی حەویجە کراون و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە.