رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای زەنگەنان لە شارۆچکەی بەردەڕەشی سەر بە پارێزگای دهۆک 3,000 تۆن پیازی لە رێگەی ئیبراهیم خەلیلەوە هەناردەی تورکیا دەکات. کشتوکاڵی دهۆکیش رایگەیاند، کاریگەری لەسەر نرخی ناوخۆ نابێت و هەر کۆمپانیایەک خواستی لەسەر بێت دەتوانێت پیاز هەناردە بکات.
موسلیح حەسەن، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی دهۆک، ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوە یەکەمجارە پیاز لە رێگەی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیلەوە هەناردەی تورکیا دەکرێت، پێشتر پیازی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی کەنداو هەناردە کراوە."
بەگوتەی موسلیح حەسەن، پێشتر بەرهەمەکانی وەک سماق، برنجی کوردی، پەتاتە، هەنار، هەنجیر و بەرهەمی دیکە، هەناردەی وڵاتانی ئەورووپا کراون.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک، پار 289 هەزار و 681 تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک، هەناردەی دەرەوە و شارەکانی نێوەڕواست و خوارووی عێراق کراوە، لەو بڕە، 36 هەزار و 236 تۆنی پیاز بووە.
لە بارەی بەرهەمی ئەم ساڵیشەوە، موسلیح حەسەن گوتی: "بەرهەمەکانی دیکە بەراورد بە پار زیاد و پیاز و پەتاتەش هەندێک کەم دەکەن، چونکە ئەو دوو بەرهەمە لە هەوای وشک و بێ باراندا باشتر پێدەگەن. هەناردەکردنی پیاز تاوەکو مانگی 12 بەردەوام دەبێت و ئەمەش کاریگەریی لەسەر نرخی پیاز لە بازاڕی ناوخۆدا نابێ".
وەک موسلیح حەسەن ئاماژەی پێدا، هەر کۆمپانیایێک خواستی هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵیی هەبێت، دەتوانێت داوا پێشکێش بکات و دوای پشکنین، مۆڵەت و بڕوانامە و پێویستییە یاساییەکانی بۆ دابین دەکرێ.
حکومەتی هەرێمی کوردستان خوازیارە بە فراوانکردنی بازاڕی دەرەکی، دەروازەیەکی نوێ بۆ فرۆشتن و هەناردەکردنی بەرهەمی جووتیاران و زیادکردنی داهاتی کەرتی کشتوکاڵ بکرێتەوە.
