رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەت سەرکۆنەی هێرشە مووشەکی و درۆنییە "بێ پاساوەکان"ـی سەر هەرێمی کوردستان دەکات و دەشڵێت: "بەشێک نین لە گرژی و ململانێکانی ناوچەکە و نامانەوێت لەلایەن هیچ کەسێکەوە هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان بکرێت."
رۆژی یەکشەممە، 19-07-2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەی ئاوی باڵندا - بارزان گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند: پڕۆژەیەکی زۆر گرنگە و لە چوارچێوەی ئەو پلانانەدایە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ جیاکاری و بەردەوام بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هەموو ناوچەکانی کوردستان جێبەجێی کردوون.
بەردی بناخەی پڕۆژەکە ساڵی 2013 دانراوە، بەڵام چەند ساڵێک کارکردن تێیدا وەستابوو. مەسرور بارزانی گوتی، هۆکارەکان قەیرانی ئابووری، شەڕی داعش و سەرهەڵدانی کۆرۆنا بوون، "بەڵام دوای ساڵی 2022 جارێکی دیکە بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەکە درا."
سەرۆکی حکومەت گوتی: "بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و ئەوەی لە تواناماندا بێت، بەکاریدەهێنین بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان."
پڕۆژەکە لە کاژێرێکدا 1200 مەتر سێجا ئاو لە رووباری شینەوە بۆ 53 گوندی سنووری قەزاکانی مێرگەسۆر، ئاکرێ و خەلیفان دابین دەکات.
لە بەشێکی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی ئاماژەی بە جەنگی ئەمریکا و ئێران کرد و گوتی: "هێشتا گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوامن و گەلێک جاریش زیان بە ئێمە گەیشتووە، بەبێ ئەوەی بەشێک بین لە شەڕەکە."
ئێران بە پاساوی هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و بەئامانجگرتنی بنکەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەردەوام بووە لە هێرشکردنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە سەرەتای جەنگەوە، هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان 30 شەهید و 150 برینداریان لێکەوتووەتەوە. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشەکان دەکات و دەڵێت: "هیوادارین بەرەو کۆتایی بڕۆن و نەمێنن."
سەرۆکی حکومەت دووپاتی دەکاتەوە: "هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە گرژییەکان و ناشمانەوێت ببینە بەشێک لەو ململانێیە و شەڕی ناوچەکە."
مەسرور بارزانی گوتیشی: "نامانەوێت هەرێمی کوردستان لەلایەن هیچ کەسێکەوە هەڕەشەی لێ بکرێت یان بەبێ پاساو هێرشە مووشەکییەکان بەردەوام بن، چونکە شەڕ، کوشتن و گرژی لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نین."
"پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ بەغدا هەیە"
مەسرور بارزانی لە بەشێکی گوتارەکەیدا ئاماژەی بە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و گوتی: "پەیوەندییەکانمان لە ئاستێکی زۆر باشدان. بەتایبەتی دوای ئەوەی کە حکومەتی نوێ لە بەغدا دەستبەکار بوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە لە پاڵپشتیی سەرۆکوەزیرانی نوێ، بەڕێز عەلی زەیدی."
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەش کرد، پاڵپشتییەکانیان بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و باشترکردنی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوام دەبن: "داواکاریی ئێمە هەمووکات ئەوە بووە کە بەغدا بەبێ جیاکاری دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکات و خەڵکی کوردستانیش وەک هەموو عێراق لە مافە دەستوورییەکانی خۆی بەبێ جیاکاری سوودمەند بن."
هاوکات مەسرور بارزانی دەستخۆشی لە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دەڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکی بووە لە پاڵپشتیی هەڵمەتەکە و جێبەجێکردنی."
"پارتی داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات پەرلەمان کارا بکرێتەوە"
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانیشە، لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە گرنگیی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت کرد و گوتی: "چەندین جارە داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەین کە بێنە پێشەوە و بەرژەوەندیی گەلی ئێمە، هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانمان لەپێش بەرژەوەندییە کەسییەکان دابنێن."
نزیکەی 20 مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام لایەنە براوەکان بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەیانتوانیوە لەسەر پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان رێکبکەون. مەسرور بارزانی دەڵێت: "پارتی پابەند بووە بە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆی و رێزگرتن لە دەنگدەران، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا رێگری هەبووە، کە زەرەرمەندی سەرەکیش خەڵکە."
جێگری سەرۆکی پارتی جارێکی دیکە "دەستی دۆستایەتی" بۆ لایەنە سیاسییە براوەکان درێژ کرد و داوای لێ کردن: "ئەگەر راستگۆ و خەمخۆرن بۆ خەڵکی کوردستان، با بفەرموون پەرلەمان کارا بکەینەوە."
بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 کرا، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، گۆڕان 1 کورسی و هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان 1 کورسی بەدەستهێناوە.
دەقی گوتاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
بە ناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بەخێرهاتنێکی گەرمی هەمووتان دەکەم و زۆر کەیفخۆشم کە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ ئێوە بەشدارم بۆ کردنەوەی پڕۆژەیەکی گرنگ کە ئەویش پڕۆژەی ئاوی 53 گوندی دەڤەری بارزان و چەندین گوندی (بەرۆژیا و نزاریا) و هەندێک گوندی ناوچەی زێباری و سورچیایەتیش سوودمەندن لەم پڕۆژەیەدا.
پڕۆژەیەکی زۆر گرنگی ئاوە لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژانەی کە حکومەتی هەرێم بەردەوامە لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەموو ناوچە و دەڤەرەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی. زۆر کەیفخۆشم کە ئەمڕۆ ئەم پڕۆژەیە گەیشتە ئەنجام و ئەمڕۆ بە فەرمی دەکرێتەوە.
زۆر خۆشحاڵم کە گەلێک فەرماندە و قارەمانی میللەتی ئێمە جارێکی دیکە لێرە دەبینمەوە، زۆر دڵخۆشم بە دیتنی ئێوە. من دەزانم کە ئەو پێشکەوتنەی ئەمڕۆ لە کوردستان بەدەست هاتووە و ئەو دەستی ئاوەدانییەی کە دەگاتە هەموو دەڤەرەکانی کوردستان، لە سایەی خەباتی ئێوە و خوێنی شەهیدانی ئێمەیە، لەبەر ئەوە پێش هەموو کەسێک دەستخۆشی لە ئێوە و سوپاسی ئێوە دەکەم بۆ ئەوەی کە ئەم دەرفەتەتان دا بە ئێمە.
پڕۆژەی ئاوی (باڵندا - بارزان) لە ساڵی 2013 بڕیاری لێ دراوە، بەڵام لەبەر چەند هۆکارێکی وەک قەیرانی ئابووری و شەڕی داعش و چەند کێشەی دیکەی ئابووری و کێشەی کۆرۆنا کە هاتە پێشەوە، بووە هۆکاری ئەوەی کە ئەم پڕۆژەیە لە کاتی خۆیدا جێبەجێ نەکرێت. پاشان لە ساڵی 2022 جارێکی دیکە بڕیار لەسەر ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیە درا و کۆمپانیای (ARGE) بەشداربوو لە جێبەجێکردنی بەشێکی زۆری ئەم پڕۆژەیە، بەڵام دیسان لەبەر هەندێک هۆکار ئەم پڕۆژەیە تەواو نەبوو. پاشان داوا لە کۆمپانیای (GEG) کرا بۆ درێژەدان و بەردەوامبوون و جێبەجێکردن و تەواوکردنی ئەم پڕۆژەیە. من دەستخۆشی لە هەردوو کۆمپانیا دەکەم، بە تایبەت کۆمپانیای (GEG) کە هەموو ئەندازیار و پسپۆڕ و ئەو کەسانەی لەسەر ئەم پڕۆژەیە کاریان کردووە، خۆماڵی بوون. جێی سەربڵندیی ئێمەیە کە لە کاتێکی نزیکدا ئەم پڕۆژەیان بەجێگەیاند، ئینشائەڵڵا بەردەوام لە سەرکەوتندا دەبن و کوردستانیشمان رۆژ بە رۆژ ئاوەدانتر دەبێت.
ئاو سەرچاوەی سەرەکیی ژیانی هەموو کەسێکە و پێویستە هەموومان زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاودا نەکەین. ئەم دەڤەرە بە ژینگەپارێزی ناسراوە، زۆر کەیفخۆشم کە دەبینم ناوچەکە، بە تایبەتیش دەڤەری بارزان کە لە لایەنی ژینگەپارێزی بووەتە پێشەنگ، پاشماوە و زبڵ و خاشاک فڕێ نادەنە سەر شەقام یان جێگە پیس ناکەن، هیوادارم ئەم کولتوورە جوان و باشە بەردەوام بێت. ژینگەپارێزی بەس پاک و خاوێنڕاگرتنی ژینگە نییە، بەڵکو پاراستنی دار و دارستان و ئاژەڵەکانیشە، ئەمە کولتوورێکە کە لە مەزنەکانمانەوە بۆمان ماوەتەوە و هیوادارم ئێمە هەموومان پێیەوە پابەند بین و رێنماییەک کە مەزنەکانمان بۆیان بەجێهێشتووین، رێز لە ژینگەی خۆمان بگرین و وەک ماڵی خۆمان بیپارێزین.
دەستخۆشی لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە دەکەم، هیوادارم هەموو کوردستان ئەم پڕۆژانە بگەنە هەموو بەشەکانی کوردستان. هەرچەندە چەندین پڕۆژەی وەک ئەمە و مەزنتر لە کوردستان هاتووەتە جێبەجێکردن، پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ هەولێر لە هەردوو لای راست و چەپی شار، یان چەندین دەڤەری دیکە لە هەرێمی کوردستان، پڕۆژەکانی گەیاندنی ئاو بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئاو لە سەرانسەری کوردستان، هەندێکیان ئەنجام دراون و هەندێکیش لە بەرنامەدان بۆ ئەوەی ئەوانیش جێبەجێ بکرێن.
لەسەر ئەم پڕۆژانە بەردەوام دەبین و هەوڵ دەدەین هێندەی لە تواناماندا بێت، خزمەتگوزاری بگەیەنینە هەموو بەشەکانی هەرێمی کوردستان. جێی خۆیەتی لێرە سوپاسێکی گەرمی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی و بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەموو ئیدارە و لایەنە پەیوەندیدارەکان و قایمقامی مێرگەسۆر بکەم بۆ بەشداری و پشتیوانیی ئەوان لەو پڕۆژەیە. هەروەها دەستخۆشی لە برای ئازیز مەلا مستەفا دەکەم کە گەلێک بە خەمخۆری بەدواداچوونی بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە کردووە و خەمخۆر بووە بۆ ئەوەی هەموو کاتێک پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بگەن بە خەڵک بەبێ جیاوازی. دەستخۆشی لە هەمووتان دەکەم بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە، خوا پشتیوان بێت پڕۆژەی زیاتریش جێبەجێ بکرێن.
دەرفەتە من هەندێک باسی بارودۆخی نێودەوڵەتی و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەروەها پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا و بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش بکەم. دیارە هێشتا گرژی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوامن و ئێوەش دەبینن کە بەداخەوە گەلێک جار زیان بە ئێمە گەیشتووە، بەبێ ئەوەی ئێمە بەشێک بین لەم شەڕ و گرژییەی کە ئێستا لە ناوچەکەدا هەیە. دیسان دووپاتی دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەم گرژییانە و ئێمە نامانەوێت ببینە بەشێک لەم ململانێ و ئەو شەڕەی ئێستا لەم ناوچەیەدا هەیە. هیوای ئێمە ئەوەیە کە ئاشتی و سەقامگیری جارێکی دیکە بگەڕێتەوە و شەڕ و کوشت و کوشتار بەرەو کۆتایی بچن. هەموو وڵاتێک داخوازی دەکات کە وڵاتانی دیکە نەبنە جێی مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانیی ئەوان، ئێمەش ئەم داخوازییە دەکەین، ئێمەش نامانەوێت هەرێمی کوردستان لەلایەن هیچ کەسێکەوە هەڕەشەی لێ بکرێت یانیش ئەو ئاژاوە و کوشتن و گرتن و هەڕەشە و بۆردوومانەی کە بەردەوام، ئەو هێرشە بەردەوامە لەسەر هەرێمی کوردستان بێ پاساو هەیە، هیوادارم رابگیرێن، چونکە شەڕ و کوشتن و گرتن خێری کەسی تێدا نییە و بەرفراوانکردنی ئەم شەڕە لە ئەنجامدا هەموو لایەک تێیدا زەرەرمەند دەبن. بۆیە ئێمە بەردەوامیی ئەم هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ناوچەکە شەرمەزار دەکەین و هیوادارین کە بەرەو کۆتایی بچن و ئەم شەڕانە نەمێنن و ئاشتی و سەقامگیری جارێکی دیکە بۆ هەموو میللەتانی ئەم دەڤەرە و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگەڕێتەوە.
پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ بەغدا لە ئاستێکی زۆر باشدایە، بە تایبەتیش کە حکومەتی تازە لە بەغدا دامەزرێندرا، حکومەتی هەرێم بەردەوام بووە لە پشتیوانیكردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ بەڕێز عەلی زەیدی، ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. داوای ئێمەش هەموو کاتێک ئەوە بووە کە بەغدا بەبێ فەرق و جیاوازی دەستوور جێبەجێ بکات و خەڵکی کوردستانیش وەک هەموو خەڵکی عێراق سوودمەند بێت لە هەموو مافە دەستوورییەکانی خۆی و فەرق و جیاوازی لە نێوانیاندا نەکرێت.
ئەم هەڵمەتەی جەنابی سەرۆکوەزیران کە لەم دواییانە بۆ بنبڕکردن و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەستی پێکردووە، دەستخۆشی لێ دەکەین و حکومەتی هەرێم بەشێکی سەرەکی بووە لە پشتیوانیکردن و پاڵپشتیکردن و یارمەتیدانی سەرۆکوەزیران بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە قورسە و هیوادارم تێیدا سەرکەوتوو بێت. هیوای ئێمە ئەوەیە کە هەم دۆخی ئابووری و دۆخی سیاسی و دۆخی ئەمنی لە عێراق باشتر بێت رۆژ بە رۆژ، بێگومان هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکی دەبێت لە چارەسەرکردنی. هیوای ئێمە ئەوەیە کە مافەکانی هەرێمی کوردستان وەک خۆی جێبەجێ بکرێن و هیوادارین ئەو هەوڵانەی پێشتر کە جیاوازیی لە نێوان هەرێمی کوردستان و شارەکانی دیکەی عێراق دروست دەکرد، بەرەو کۆتایی بچن. داخوازیی ئێمە لە سەرۆکوەزیران و حکومەتی نوێ ئەوەیە کە دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.
لەسەر ئاستی ناوخۆ دیسان ئەوە چەندین جارە ئێمە داخواز دەکەین کە هەموو لایەنە سیاسییەکان بێنە پێشەوە و بەرژەوەندیی میللەت و هەرێمی ئێمە، ئەزموون و دەستکەوتی ئێمە، بخەنە سەر بەرژەوەندیی کەسی، ئەمە چەندین مانگە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کراوە، بەداخەوە تاوەکو ئێستا حکومەت دانەمەزراوە. سەرەڕای ئەوەی کە پارتی پابەند بووە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی خۆی و رێزگرتن لە دەنگی دەنگدەران و هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی پەرلەمان و لە ئەنجامدا دروستکردنی حکومەتێک، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا رێگری هەبووە، نە پەرلەمان کارا کراوە و نە حکومەت پێکهێندراوە، زەرەرمەندی سەرەکی خەڵکە. ئێمە جارێکی دیکە داخوازیی خۆمان ئاراستەی هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەینەوە، ئەگەر راستگۆن و خەمخۆرن بۆ خەڵکی کوردستان، با کەرەم بکەن و بێن پەرلەمانی کوردستان کە موڵکی خەڵکی کوردستانە، کارا بکەنەوە و پەرلەمان نەبێتە بارمتە لە دەست هیچ کەسێک بۆ دەستکەوتی شەخسی یانیش بۆ رێگریکردن لە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان و دروستکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکار بێت. پارتی جارێکی دیکە پابەندە کە رێز لە دەنگی خەڵکی کوردستان بگرێت، ئێمە ئامادەین و دەستی دۆستایەتی بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان درێژ دەکەین و داوایان لێ دەکەین بە تایبەت لەم بارودۆخە هەستیار و ناسکەدا، بێن و لەگەڵ ئێمە هاوبەش بن لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و لە خزمەتی خەڵکی خۆیاندا بن. ئێمە هەموو ئامادەییەکمان هەیە بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی خەڵکی خۆمان، میللەتی خۆمان، خاکی خۆمان، بخەینە سەر بەرژەوەندیی شەخسی. هیوای ئێمە ئەوەیە کە ئەم پەیامەمان بگاتە هەموو لایەک و ئەوانیش بەدەمەوە بێن.
جارێکی دیکە دەستخۆشی لە هەمووتان دەکەم، هەرچەندە لەم ساڵانەدا ئێمە قەیران لە دوای قەیرانمان بینی و تێمانپەڕاندن، بەڵام هیچ یەکێک لەو قەیرانانە نەبوونە رێگر لەبەردەم ئەوەی ئێمە پڕۆژە بکەین و بەردەوام بین. هەموو کاتێکیش بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان یان بۆ وەڵامی ناحەزان، ئێمە بە پڕۆژە وەڵامی خۆمان داوەتەوە، ئەمەش یەکێکە لەو پڕۆژانە و جارێکی دیکە پیرۆز بێت لە ئێوە هەمووتان و هەموو خەڵکی کوردستان، هەر سەربەرز و سەربڵند و سەرکەوتوو بن، کوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.
