رووداو دیجیتاڵ
لە 24 کاژێری رابردوودا، هەرێمی کوردستان بە پێنج درۆن بۆردوومان کراوە و بەهۆیەوە هەشت پێشمەرگەی حیزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بریندار بوون. هەروەها کاردانەوە دژی هێرشەکان بەردەوامە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە سەرەتای ئەم مانگەوە تاوەکو پێش نیوەڕۆی 19ـی تەمموز، هەرێمی کوردستان بە 45 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە.
هێرشەکانی 24 کاژێری رابردوو:
- نزیک کاژێر 02:00ـی بەرەبەیانی 19ـی تەمموز، بە درۆنێک هێرش کرایە سەر کەمپێکی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک). ئەدیب خالیدیان، ئەندامی سەرکردایەتی حیزبەکە بە رووداوی گوت، هەشت پێشمەرگەیان بریندار بوون و دۆخی تەندروستی چواریان ناجێگیرە.
- کاژێر 00:57ـی بەرەبەیانی 19ـی تەمموز، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر شاری هەولێر.
- هەمان کاتی بەرەبەیانی 19ـی تەمموز، دوو دەنگی بەرز لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر بیسترا، لایەنی پەیوەندیدار ئاشکرای نەکردووە، کە درۆن بووە یان مووشەک.
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، لەم مانگەدا سنووری هەولێر بە 32 درۆن بۆردوومان کراوە، هەروەها سنووری پارێزگای سلێمانییە بە 10 مووشەک و سێ درۆن بۆردوومان کراوە.
مانگی رابردووش هەرێمی کوردستان بە 13 درۆن و دوو مووشەک بۆردوومان کرا، لەو ژمارەیە نۆ درۆن و دوو مووشەکی بۆ سەر سنووری هەولێر بووە، هەروەها بە دوو درۆن سنووری پارێزگای سلێمانی و بە دوو درۆنیش سنووری قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک کراوەتە ئامانج.
کاردانەوە دژی هێرشەکان
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، شەممە 18-07-2026 لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکانی کرد و رایگەیاند، "لەم کاتە سەختەدا شانبەشانی براکانمان لە هەولێر دەوەستین و هێرشکردنە سەر هەر یەکێکمان هێرشە بۆ سەر هەموومان".
بافڵ تاڵەبانی هێرشەکانی بە "کردەوەیەکی شەڕانگێزیی بەئەنقەست و پێشێلکارییەکی تووندی یاسا نێودەوڵەتییەکان" ناوبرد و گوتی: "بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەم هێرشە دەکەین. با ئەوە روون بێت: بەئامانجگرتنی نەتەوەکەمان بە تەواوی قبووڵنەکراوە، سەلامەتیی گەلەکەمان هێڵێکی سوورە کە ناتوانرێت پێشێل بکرێت".
هەر دوێنێ، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە پەیامێکدا رایگەیاند، سەرکۆنەی هەر هێرشێک دەکەن کە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند: "بە خەمگینییەکی زۆرەوە هەواڵی شەهیدبوونی نۆ پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانمان لە شاری سلێمانی بیست، کە لە ئەنجامی هێرشی رژێمی ئێراندا و لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیاندا شەهید بوون".
کۆی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان
لە دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 18ـی تەمموز، هەرێمی کوردستان بە 918 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە. لە ئەنجامدا 30 شەهید و 148 بریندار هەن.
ژمارەی هێرشەکان بەگوێرەی پارێزگاکان:
- پارێزگای هەولێر: 627 هێرش
- پارێزگاکانی سلێمانی: 258 هێرش
- پارێزگای دهۆک: 31 هێرش
- پارێزگای هەڵەبجە: 2 هێرش
قوربانیانی هێرشەکان
لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا 30 کەس شەهید بوون، کە پێکدێن لە: حەوت پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر، کارمەندێکی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ژن و مێردێک کە لە ماڵەکەیاندا شەهیدکران؛ 18 پێشمەرگەی پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان، کوڕی پێشمەرگەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەوی دیکەش سەربازێکی فەرەنسا بوو لە هەولێر.
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بەشێکی بریندارەکان بریتین لە 29ـی پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە و یەک پۆلیس هەن.
هەر لەنێو بریندارەکان 18 سڤیل هەن و بریندارەکانی دیکە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.

