رووداو دیجیتاڵ گەورە شارەوانیی ئامەد خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی بەرفراوانتر کرد و لە ناوەندی پەیوەندییەکان و هێڵی گەرمی شارەوانیدا دەستی بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە شێوەزاری زازاکی کرد. ناوەندی پەیوەندییەکان و هێڵی گەرمی شارەوانی کە بە ALO 153 ناسراوە و سەر بە بەشی راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی گەورەشارەوانیی ئامەدە، دوای زمانەکانی تورکی و شێوەزاری کرمانجی، شێوەزاری زازاکیشی بۆ خزمەتگوزارییەکان زیادکرد. بەم جۆرە ئەو هاونیشتمانییانەی بە زازاکی قسە دەکەن، دەتوانن بە شێوەزاری خۆیان داواکاری، پێشنیاز و سکاڵاکانیان بگەیێننە شارەوانی. ئەهڤەلات تورهاڵی، بەرپرسی ناوەندی پشتیوانیی هێڵی گەرمی شارەوانی رایگەیاند، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە چەند زمان و شێوەزارێک لە ناوەندەکەدا لەسەر داوای هاونیشتمانییان فراوانتر کراوە. تورهاڵی ئاماژەی بەوە کرد، کاتێک لە ساڵی 2024 دەستبەکاربوون، تەنیا خزمەتگوزاری بە زمانی تورکی هەبوو و هاونیشتمانییان لەکاتی پەیوەندیکردن بەهۆی زمانەوە تووشی ئاستەنگ دەبوون، هەربۆیە لە ئایاری 2025 دەستیان بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە شێوەزاری کرمانجی کرد و لە ماوەیەکی کورتدا پێشوازییەکی زۆری لێکرا. تورهاڵی ئاماژەی بەوەش دا کە لە قۆناخی یەکەمدا بە 9 کارمەند دەستیان بە خزمەتگوزاریی کوردی کرد و ئەمڕۆ 19 کارمەند لەو بەشەدا کاردەکەن؛ هەروەها خزمەتگوزارییش بە زازاکی لەلایەن 9 کارمەندەوە بەڕێوەدەبردرێت. ئەم هەنگاوەی گەورە شارەوانیی ئامەد درێژەپێدەری هەوڵەکانی شارەوانییەکانی باکووری کوردستانە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گشتی بە زمانی دایک، بەتایبەتی زمانی کوردی.