رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشێک کرایە سەر گوندی تەگەران لە نزیک سلێمانی. هاونیشتمانییەکی ناوچەکە دەڵێت، دوای هێرشەکە خەڵک گوندەکەیان چۆڵکردووە.
رووداو لە سێ سەرچاوەی جیاوازەوە زانیاری وەرگرتووە، کە بۆردوومانەکەی ئەمڕۆ شوێنێکی نزیک گوندی تەگەرانی لە ناحیەی سیتەک لە پارێزگای سلێمانی کردووتەوە ئامانج.
کەسێکی ئاگادار لە رووداوەکە بە رووداوی گوت: "هێرشەکە کراوەتە سەر شوێنێک کە سەربازییە و پێیدەگوترێت تۆپخانە لە گوندەکەوە دوورە، بەهۆیەوە ئاگر کەوتەوە و نازاندرێ زیانی چی هەبووە".
هاونیشتمانییەکی گوندی تەگەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی هێرشەکەوە هەندێک ماڵ زیانی زۆر کەمی مادییان بەرکەوت، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نییە".
ئەو هاونیشتمانییە گوتیشی: "دوای بۆردوومانەکە و کاژێر 04:00ـی بەرەبەیان، خەڵکی گوند وەکو رێکارێکی خۆپارێزی هەموویان گوندیان چۆڵکرد".
هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هیچ زانیارییەکیان لەسەر هێرشەکە بڵاونەکردووەتەوە، کە بە چی کراوە و زیانەکانی چی بوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرش کرایە سەر کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە دۆڵی ئالانە لە سنووری پارێزگای هەولێر. بەرپرسێکی حیزبەکە بە رووداوی گوت، هێرشەکە بە پێنج درۆن بووە و جگە لە زیانی مادی، زیانی گیانی نەبووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئەمڕۆ، بە زیاتر لە 940 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان.

