رووداو دیجیتاڵ مەسرور بارزانی لە ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەکاندا دەڵێت، گەلی کورد قوربانییەکی زۆری لەپێناو مافە رەواکانی داوە و هەرگیز دەستبەرداریان نابێت. ئەمڕۆ 43 ساڵ بەسەر ئەنفالی بارزانییەکاندا تێدەپەڕێت. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەم یادەدا دەڵێت، "لەم یادە خەمناکەدا، بە رێز و شکۆوە یادی بارزانییە ئەنفالکراوەکان و گشت شەهید و ئەنفالکراوەکانی کوردستان لە گەرمیان و بادینان و بالیسان و شێخ وەسانان و کوردی فەیلی و شنگال دەکەینەوە". مەسرور بارزانی دەشڵێت، "پێزانینی زۆرمان بۆ هەموو ئەو جوامێرانە هەیە کە لەو رۆژگارە سەختانەدا، یارمەتی و هاوکاریی کەسوکاری لێقەوماوی بارزانییە ئەنفالکراوەکانیان کرد". سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لەم یادەدا، دووپاتی دەکەینەوە پێویستە حکومەتی فیدراڵ ئەرکی دەستووری و بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی خۆی جێبەجێ بکات و بەشێوەیەکی شایستە، قەرەبووی کەسوکاری قوربانییانی شاڵاوەکانی جێنۆساید و ئەنفال و هەموو کەسوکاری قوربانییانی دەستی رژێمی پێشووی عێراق بکاتەوە". مەسرور بارزانی دەڵێت، "پێویستە خەڵکی کوردستان ئەم تاوانانەی هەرگیز لە یاد نەچێتەوە و بزانێت کە گەلی کوردستان، قوربانییەکی زۆر و بێوێنەی لەپێناو مافە رەواکانی داوە، بۆیە هەرگیز دەستبەرداری دەسکەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی نابێت و بە هەموو شێوەیەک پارێزگارییان لێ دەکات". لە کۆتایی قسەکاندیدا، مەسرور بارزانی سڵاو بۆ گیانی پاکی گشت شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان دەنێرێت.
کوردستان31-07-2026وەزیری پێشمەرگە لەبارەی ئەنفالی بارزانییەکان: ئەم تاوانە یەکێکە لە جەرگبڕترین کارەساتەکانی مێژووی گەلی کورد