رووداو دیجیتاڵ
ماوەی 10 رۆژە بەشێک لە دانیشتووانی سنووری قەزای چۆمان لە پارێزگای هەولێر، بەهۆی رنووی بەفر و بەستەڵەکەوە بێ ئاوی خواردنەوە بوون.
رنووی بەفر و بەستەڵەک لە چیای حەساری سەکران کەوتووەتە ناو سەرچاوەی ئاوی پرۆژەی پڕژێ و بەهۆیەوە ئاوی خواردنەوەی سەنتەری قەزای چۆمان و 9 گوند بڕا، کە نزیکەی 6 هەزار هاوبەش سوودی لێوەردەگرن.
سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری ئاوی چۆمان، بە رووداوی راگەیاند: "سێ رۆژە کاری لەسەر دەکەین. لەو بەفرە بەو سەختییەی کە دەیبینن، توانیمان بگەینە ئەنجامێک کە ئاوەکە سەدا سەد بگەڕێتەوە بۆ چۆمان و 9 گوند کە لێرەوە ئاویان بۆ دەچێت. زیان بەر خەزانی سەرەکی و خەزانێکی دیکەش لە خوارەوە کەوتبوو."
ئەمە یەکەمجار نییە رنووی بەفر کێشە بۆ پرۆژەکە دروست دەکات. بە گوتەی بەڕێوەبەری ئاوی چۆمان، تەنیا ئەمساڵ سێ جار بەفر بووەتە بەربەست لەبەردەم گەیشتنی ئاو بەنێو بۆرییەکاندا.
شوێنی سەرچاوەی پرۆژەکە شاخاوییەکی سەختە. ساردیی کەشوهەوا و دژواریی ناوچەکەش کارەکانی چاککردنەوە دوادەخات.
جەبار ناوەندەیی، یەکێک لە کارمەندانی چاککردنەوەی پرۆژەکە بە رووداوی گوت: "رێگەکە زۆر دوورە، جگە لەوەش لێرە زۆر سەرمایە. ئێمە لەناو ئاودا کار دەکەین و لەرز دەمانگرێت. پرۆژەکەش کاتی خۆی لە شوێنێکی نەگونجاو دروست کراوە. زۆر جار لە کاتی کارکردندا رنوو دروست بووە و بە زەحمەت توانیمانە خۆمان دەرباز بکەین."
پرۆژەی ئاوی پڕژێی چۆمان لە ساڵی 2008 دروست کراوە و ئاوی خواردنەوە بۆ سەنتەری قەزای چۆمان و 9 گوند دابین دەکات.


