رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی کەرکووک دەستگیرکردنی باندێکی راگەیاند، کە لە ناحیەی تازە دزییان لەو ماڵانە دەکرد خاوەنەکانیان بۆ بەشداری لە مەراسیمی چلەی ئیمام حوسێن چووبوونە کەربەلا.
رۆژی دووشەممە، 3ـی ئابی 2026، عامر شوانی، گوتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، توانیویانە باندێک دەستگیر بکەن، کە لە کاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمی چلەدا، چەندین ماڵیان لە ناحیەی تازە بڕیبوو و سوودیان لە چۆڵبوونی خانووەکان وەرگرتبوو.
عامر شوانی ئاماژەی بەوە کرد، دوای وەرگرتنی زانیاری لەسەر دزییەکان، بە سەرپەرشتیی مەیدانیی لیوا فەتاح مەحموود خەفاجی، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک، هەموو هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە خرانە ئامادەییەوە. رێگە سەرەکی و لاوەکییەکان داخران و چەندین بازگەی کتوپڕ دانران بۆ ئەوەی رێگە لە هەڵاتنی تۆمەتبارەکان بگیرێت.
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتیشی: "مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی تازە توانیویانە بە خێرایی تۆمەتبارەکان دەستگیر بکەن و دەست بەسەر هەموو ئەو شتانەدا بگرن کە دزراون، لەوانە: بڕێکی زۆر پارە، زێڕ و خشڵ، مۆبایل و تەنانەت "قاسەیەکی ئاسنین" کە لە یەکێک لە ماڵەکانەوە برابوو."
حوسێن عادل، بەڕێوەبەری ناحیەی تازە، بە رووداوی گوت: "دزەکان خەڵکی ناحیەکە نین، ئەوانەی دزییان کردووە خزمی خاوەن ماڵەکانن".
تۆمەتبارەکان لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و بە فەرمانی دادوەر و بەپێی مادەی 444ـی یاسای سزاکانی عێراق راگیراون بۆ ئەوەی رووبەڕووی سزای یاسایی ببنەوە.
ساڵانە لە کاتی مەراسیمی چلەی ئیمام حوسێندا، سەدان هەزار هاووڵاتی لە شار و شارۆچکەکانی عێراقەوە روو لە کەربەلا دەکەن و بۆ ماوەی چەند رۆژێک ماڵەکانیان چۆڵ دەکەن.



