رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ناوەندی ئەورووپی بۆ توێژینەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دیمەشق، بە سەردانێکی گرنگ ناودەبات و دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی باشترین پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە هەیە و کارتی بەهێزی هەرێمی کوردستان و عێراقە بۆ کردنەوەی گرێکوێرەکان.
د. عادل باخەوان، سەرۆکی ناوەندی ئەورووپی بۆ توێژینەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات ئاماژەی بەوەکرد سەردانەکە لە کاتێکدایە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سووریا "لە خراپترین دۆخدایە،" بەتایبەت دوای ئەوەی سێ وڵاتی عەرەبی، کە یەکێکیان سووریا بوو، هەڕەشەی وەڵامدانەوەیان کرد ئەگەر لە خاکی عێراقەوە هێرشیان بکرێتەسەر.
بە بڕوای د. عادل باخەوان، سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم کاتەدا و ئەو پێشوازییە گەرمەی لێیکرا، پەیامێکی گرنگە بۆ رێگریکردن لە ئاڵۆزتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و دیمەشق. د. عادل باخەوان جەختی لەوە کردەوە: "ئەم جۆرە سەردانانە هەمیشە بە هاوئاهەنگی لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا دەکرێن. سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق پێکەوە گفتوگۆیان لەسەر ئەجێندای سەردانەکە کردووە."
بڕیارە نێچیرڤان بارزانی بەشداری لە کۆبوونەوەی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق بکات، سەرۆکی ناوەندی ئەورووپی بۆ توێژینەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، باسی لە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق کرد، کە بە رووداوێکی "بێوێنە" ناویبرد. ئەو گوتی: "ئەوەی بتوانێت دۆخی خراپی عێراق بە شێوەیەکی رێژەیی کەم بکاتەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە."
هۆکارەکەشی بۆ تۆڕی پەیوەندییە بەهێزەکانی نێچیرڤان بارزانی گەڕاندەوە و گوتی: "باشترین پەیوەندیی لەگەڵ سووریا، کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەورووپا، ئەمریکا، وڵاتانی کەنداو، تورکیا و خودی بەغداش هەیە." د. عادل باخەوان تۆڕی پەیوەندییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بە "تۆڕی جاڵجاڵۆکەیی" ناوبرد و گوتی: "چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق کارتێکی تریان دەستناکەوێت باشتر، گونجاوتر و ئەرێنیتر بێت لە کارتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لەو کۆڵانە داخراوەی کە تێیکەوتووە، بێتە دەرەوە."
سەرۆکی ناوەندی ئەورووپی بۆ توێژینەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هۆشداریی دا لەوەی ئەمریکا و ئەورووپا چیدی وەکو جاران سەیری رۆژئاوای کوردستان ناکەن و بەرژەوەندییەکانیان بەرەو دیمەشق گۆڕاوە.
ئەو گوتی: "ئەگەر رۆژئاوای کوردستان چاوەڕوانی ئەوە بێت ئەمریکا پشتیوانیی بکات لە بەرامبەر دیمەشق، هەڵەیەکی گەورە دەکات. ئەوەندەی ئێستا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە دیمەشقە، ئەوەندە لە قامشلۆ نییە."
عادل باخەوان، ئاماژەی بەوەش کرد سەرکردەکانی ئەورووپا و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی دیمەشق دەکەن و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆدەبنەوە، ئەمەش نیشانەی گۆڕانی هاوکێشەکانە. ئەو روونیکردەوە ئەمە "پشتکردن لە کورد نییە، بەڵکو عەقڵی ساردی دەوڵەتدارییە" لەسەر بنەمای بەرژەوەندی کار دەکات نەک سۆز.
جەختی کردەوە لەم دۆخە نوێیەدا، تاکە پشتیوانی راستەقینە بۆ رۆژئاوای کوردستان، هەرێمی کوردستانە. "رۆژهەڵات، باکوور و رۆژئاڤا تەنیا و تەنیا هەرێمی کوردستانیان هەیە و بەس. ئێستاش لەو دۆخە سەختەی رۆژئاوای کوردستانی تێدایە، تەنیا دیپلۆماسیەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت هاوکار بێت لەوەی مافەکانیان نەفەوتێت."
بە بڕوای ئەو، سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دیمەشق پەیامێکە بۆ هەموو لایەک کە هەرێمی کوردستان "دژی شەپۆلەکە مەلە ناکات" و لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتە نوێیەدا، "رۆژئاوای کوردستان دەتوانێت کارتی هەرێمی کوردستان بەکاربێنێت بۆ ئەوەی زۆرترین مافەکانی خۆی بەدەستبهێنێت."


