رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، نزیکەی 49 هەزار خێزانی ئاوارەی شنگال لە ناوەوە و دەرەوەی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان ماون و نزیکەی 27 هەزار خێزانیش گەڕاونەتەوە.
سێشەممە 3ی ئابی 2026، عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ئێستا 19 هەزار خێزانی ئاوارەی شنگال لە ناو کەمپەکانی هەرێمی کوردستانن و 30 هەزار خێزانی دیکەیان لە دەرەوەی کەمپەکان ماون."
بەر لە 12 ساڵ بەهۆی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال، زۆرینەی دانیشتووانی قەزاکە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون. دوای رزگارکردنی شنگال بەشێکیان گەڕانەوە.
عەلی جەهانگیر رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا نزیکەی 27 هەزار خێزانی ئاوارەی شنگال گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان."
بۆ هاندانی گەڕانەوەی ئاوارەکان، ئەو وەزارەتە چوار ملیۆن دینار، تەباخ، بەفرگر و تەلەفزیۆنێک دەداتە هەر خێزانێکی ئاوارە کە بگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەوە لە مانگی تشرینی دووەمی 2025ـەوە ئەو پارەیە خەرج نەکراوە.




