رووداو دیجیتاڵ
گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و گۆڕانکاری لە رێڕەوە بازرگانییەکاندا، نرخی سیستمی وزەی خۆری لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە، بەجۆرێک کە تێچووی گواستنەوەی کۆنتێنەرێک لە چینەوە تاوەکو 5,500 دۆلار زیاد بووە.
رێکان حەسەن، دانیشتووی گوندێکی دەوروبەری هەولێرە، بە دانانی 10 پانێڵ نزیکەی 25 ئەمپێر کارەبای پێویست دابین دەکات، دەیەوێت ماڵئاوایی لە کارەبای نیشتمانی و موەلیدە بکات. رێکان دەڵێت: "وزەی خۆر وەک نان و ئاو پێویستە و وا بڕیارە تەنیا بۆ بارگاویکردنەوەی پاترییەکان رۆژانە دوو بۆ سێ کاژێر کارەبای نیشتمانی بەکاربهێنم."
سیستەمەکەی ماڵی رێکان چوار هەزار دۆلاری تێچووە، بەڵام ئەگەر پێش گرژییەکانی رۆژەهڵاتی نێوەڕاست دایبنایە، نزیکەی هەزار دۆلار هەرزانتر دەکەوت.
مەڕوان حوسێن، ئەندازیاری کارەبا، بە رووداوی گوت: "پێشتر نرخی هەر واتێک کارەبا لە چین شەش بۆ هەشت سەنت بوو، بەڵام ئێستا بۆ 12 بۆ 14 سەنت بەرزبووەتەوە، واتە دوو هێندە بووە، جگە لەوەی نرخی گواستنەوەش زۆر گران بووە."
زیاتر لە 95%ی بازاڕی وزەی خۆری هەرێمی کوردستان پشتی بە بەرهەمی چین بەستووە. پێشتر کەلوپەلەکان لە چینەوە لەرێگەی تەنگەی هورمزەوە دەگەیشتنە بەندەری ئوم قەسری عێراق، بەڵام ئێستا بەهۆی گرژییەکانەوە دوو رێگەی نوێ و دوورتر بەکاردەهێنرێن، کە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان بە رێژەی 25%.
رێگەی یەکەم، لە چینەوە بە دەریای سووردا بۆ بەندەری عەقەبە لە ئوردن، دواتر بە وشکانی بۆ دەروازەی تەرەبیل و لەوێشەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دێت، ئەمەش 4 هەزار دۆلاری خستووەتە سەر نرخی گواستنەوە. رێگەی دووەمیش، لە چینەوە بۆ کەناڵی سوێس، ئینجا بۆ بەندەری مێرسینی تورکیا و لەوێشەوە بەهۆی سیستمی ئەسیکۆداوە، دەبرێتە سووریا و لە دەروازەی رەبیعەوە دەهێنرێتە مووسڵ و پاشان هەرێمی کوردستان، کە ئەم رێگەیەش 5,500 دۆلار گواستنەوەی وشکانیی زیاد کردووە.
هاوکار حەمەد، خاوەنی کۆمپانیایەکی هاوردەکردنی سیستمی وزەی خۆرە و دەڵێت: "پێشتر نرخی پانێڵێکی 620 واتی 67 دۆلار بوو، ئێستا بە 100 دۆلارە. نرخی پاترییەکی لیتیۆمیش لە 500 دۆلارەوە بۆ 670 دۆلار بەرزبووەتەوە."
بە گوتەی هاوکار، پێشتر کەلوپەلەکان لە ماوەی 40 بۆ 50 رۆژدا دەگەیشتن، بەڵام ئێستا جاری وا هەیە چوار مانگیشی پێدەچێت.
جگە لەم گرانبوونە، بڕیارێکی نوێی حکومەتی چینیش هەیە کە ئەگەر کۆمپانیاکان تاوەکو مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو نوێگەری لە بەرهەمەکانیاندا نەکەن، 2% باج دەخرێتە سەر پانێڵ و 4%یش دەخرێتە سەر پاتری، کە ئەمەش جارێکی دیکە نرخەکان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا بەرزدەکاتەوە.



