رووداو دیجیتاڵ
رێگەی خۆڵ و پڕ لە چاڵ، دیمەنی سەرەتای چیرۆکی رۆژانەی ژیانی دانیشتووانی شارەدێی تەکیەی کاکەمەندە لە سنووری قەزای چەمچەماڵ. ساڵانێکە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان وەک رێگەی قیرتاو، ئاوی پاک و قوتابخانە لەم ناوچەیەدا بوونەتە خەون، بەڵام ئەوەی زیاتر لە هەمووی دانیشتووانەکەی بێزار کردووە، کێشەی بێ ئاوییە.
دانیشتووانی تەکیەی کاکەمەند دەڵێن، بەهۆی نەبوونی ئاوی پاکی خواردنەوە، نەخۆشییەکانی گورچیلە و کۆئەندامی هەرس لە ناوچەکەیاندا زۆر بووە.
حوسێن ئەمین، پێشمەرگەیە و دانیشتووی تەکیەیە، گوتی: "سەردانی پزیشکێکی پسپۆڕی گورچیلەم کرد، پێیگوتم، 'گیانمان بە خەڵکی چەمچەماڵ و تەکییەوەیە، ئەوان نەبن ئیشمان نییە،' چونکە ئاوەکەمان پڕە لە کلس و خەڵکی نەخۆش خستووە."
هێمن عەلی، پێشمەرگەیەکی دیکەی دانیشتووی شارەدێیەکەیە و دەڵێت: "من لە منداڵییەوە لێرە دەژیم، هیچ خزمەتگوزارییەک نەکراوە و دۆخمان زۆر خراپە، بەتایبەتی بەدەست بێ ئاوییەوە."
لە گەڕەکێکی شارەدێیەکەدا کە بە "چواردە کۆڵانەکەی ئەنفال" ناسراوە، کێشەکان دوو هێندەن. دانیشتووانی ئەم گەڕەکە رزگاربووان و کەسوکاری ئەنفالکراوانن، بەڵام کەمیی خزمەتگوزاری لێرەشدا یەخەی پێ گرتوون.
سەبری رەحیم، ژنێکی دانیشتووی گەڕەکەکەیە و دەڵێت: "هاوینان بەدەست کەمئاوی و تەپوتۆز و زستانان بەدەست قوڕەوە گیرمان خواردووە. هاتن شەقامەکەیان بۆ دروستکردین، بەڵام تەنیا رەسیفەکەیان دانا و دواتر پارەکەی خورا و تەواو نەکرا."
یەکێک لە کێشە گەورەکانی دیکەی تەکیە، وەستانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانە، لەوانەش پڕۆژەی دروستکردنی قوتابخانەیەک کە لە ساڵی 2014ـەوە کارکردن تێیدا راگیراوە.
هونەر ئەحمەد، مامۆستایە و باس لەوە دەکات، "ئەو قوتابخانەیە زۆر گرنگ بوو، بەڵام تەواو نەکرا. لە ساڵی 2014ـەوە بەرد نەخراوەتە سەر بەرد لەم شارەدا."
تەکیەی کاکەمەند، شارەدێیەکە و سەر بە قەزای چەمچەماڵە و زیاتر لە 32 هەزار کەسی تێدا دەژی. زۆربەی فەرمانگە حکومییەکان لە شارەدێیەکەدا بوونیان نییە و کەرتی تەندروستیشی تەنیا لە مەڵبەندێکی تەندروستیی بچووکدا کورتکراوەتەوە، کە ناتوانێت وەڵامدەرەوەی پێداویستییە تەندروستییەکانی دانیشتووانی ناوچەکە بێت.


