رووداو دیجیتاڵ
شەممەی رابردوو لە رووداوێکی هاتووچۆ چوار ئەندامی یەک خێزان لە بەرزاییەکانی شاهۆ لە پاوە(پارێزگای کرماشان)ـی رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستدا. ئەمڕۆ بنەماڵەی کۆچکردووان سوپاسنامەیەکیان ئاراستەی هاونیشتمانییان و تۆڕی میدیایی رووداو کرد.
بنەماڵەی ئەو چوار کەسەی لە رووداوەکە گیانیان لەدەستدا سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی خەڵکی کوردستان، دۆست و خزم لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات دەکەن کە لە کاتی پرسەکەیاندا هاوخەمییان بوون.
لە پەیامەکەیاندا هاتووە: "سوپاس و پێزانینمان بۆ هەموو ئەو ئازیزانەی لە رێگەی ئامادەبوون لە پرسە، یان پەیوەندیی تەلەفۆنی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دڵی زامدارمانیان داوەتەوە."
بنەماڵەی حوسێنی بەتایبەتی سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداویان کردووە کە لە گواستنەوەی هەواڵی رووداوەکە و خەمەکەیاندا لەگەڵیان بووە.
شەممەی رابردوو 01-08-2026 لە بەرزاییەکانی شاهۆ لە نێوان شاری پاوە و لادێکانی دەوروبەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئۆتۆمبێلێکی جۆری پڕاید وەرگەڕا و لە ئەنجامدا سێ ژن و منداڵێک کە هەموویان ئەندامی یەک خێزان و خەڵکی گوندی (سەریاس)ـن گیانیان لەدەستدا.
قوربانییەکانی ڕووداوەکە بریتین لە: (سۆنیا حوسێنی، لیدا حوسێنی، هەتاو حوسێنی و ئانیسا حوسێنی). هەروەها لە هەمان رووداودا (گەشاو حوسێنی) بە سەختی بریندار بوو، کە ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی شاری کرماشان لە ژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایە.



