رووداو دیجیتاڵ
هەڤاڵ و ئادلینا، هاوژینێکی کورد و رۆمانی، دوای گەشتێکی 3 مانگە بە پاسکیل، زیاتر لە 5000 کیلۆمەتریان بڕی و لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیاوە گەیشتنە هەرێمی کوردستان و نێو بازاڕی قەیسەریی هەولێر.
هەڤاڵ مەحموود، خەڵکی باوەنووری گەرمیانە و ئادلینا لۆرای هاوژینیشی خەڵکی رۆمانیایە. ئەوان لە ساڵی 2022ـەوە لە بەریتانیا ژیانی هاوبەشییان پێکهێناوە. گەشتەکەیان لە 3ی ئایار بە بڕیارێکی لەناکاو و بە دوو پاسکیلی 800 یۆرۆیی دەستپێکرد.
ئادلینا لۆرا، بە رووداوی گوت: "رۆژێک هەڤاڵ ڤیدیۆیەکی نیشان دام کە تێیدا کەسانێک بە پاسکیل گەشتیان دەکرد. پێی گوتم، 'دەتەوێت ئێمەش تاقی بکەینەوە؟' منیش گوتم بۆ نا. ئەویش گوتی، 'کەوایە لە لەندەنەوە بۆ کوردستان بەڕێدەکەوین'."
ئادلینا دەڵێت، سەرەتای گەشتەکە کەمێک قورس بووە، بەڵام دواتر هەستی کردووە کە ئامادەیە بۆی.
ئەو دوو هاوژینە لە گەشتەکەیاندا بەنێو 17 وڵاتدا تێپەڕیون و هەرێمی کوردستان دوایین وێستگەیان بووە.
هەڤاڵ مەحموود، بە رووداوی گوت: "ئەم گەشتە فێری ئارامگریی کردین. فێری ئەوەی کردم کە کاتێک شۆفێری دەکەم، ئاگام لە پاسکیلسوار بێت. ئێستا کە خۆم پاسکیلسوارم، دەزانم چۆن ئەو بۆشاییەیان پێ بدەم و بە خێرایی بە تەنیشتیاندا تێنەپەڕم."
گەشتەکەیان 20 هەزار دۆلاری تێچووە و هەر یەکێکیان نزیکەی 11 کیلۆگرام کێشیان دابەزیوە. هەڤاڵ دەڵێت: "کەسێک لە سۆشیاڵ میدیا نووسیبووی 'رەزیلیش بەو شێوەیە، بە پاسکیل دێنەوە و ناتانەوێت پارە بۆ فڕۆکە خەرج بکەن.' منیش گوتم، بەو پارەیەی خەرجمان کردووە، دەمانتوانی 4 جار بە فڕۆکە گەشت بکەین و هێشتا هەرزانتریش دەکەوت."
هەڤاڵ و ئادلینا بڕیارە دوو هەفتەی دیکە لە کوردستان بمێننەوە و دوای هەولێر، سەردانی کەرکووک، سلێمانی و پاشان ماڵی دایکی هەڤاڵ لە گەرمیان دەکەن.
ئەوان پلانیان هەیە لە وەرزی زستاندا گەشتێکی دیکە بە پاسکیل لە هەولێرەوە بۆ وڵاتانی عەرەبی دەستپێبکەن.


