رووداو دیجیتاڵ
هێزێکی سوپای عێراق بە شۆفڵ و حەفارەوە چوونەتە گوندی تۆپزاوای کەرکووک و دەستیان بەسەر زیاتر لە 200 دۆنم زەوی جووتیارانی کورددا گرتووە و ساتر و خەندەقیان لێداوە.
جووتیارانی گوندەکە دەڵێن، سوپای عێراق رێگرییان لێدەکەن بچنە سەر زەوییەکانیان و هەرچەندە بەڵگەی خاوەندارێتیشیان پێشکێش کردوون، سوپاکە پێی گوتوون "ئەوە نایخوات و کاری پێناکەین."
فەرەیدون ناسیح، جووتیارێکی گوندی تۆپزاوایە و بە رووداوی گوت: "سەرەتا ویستیان دەستگیرمان بکەن و داوای ناسنامەیان لێکردین. پێمان گوتن ئێمە خاوەن زەوی و موڵکین، بەڵام ئەوان گوتیان 'ئەمە زەوی وەزارەتی بەرگرییە و دەبێت لێرە نەمێنن'."
بە گوتەی جووتیارانی گوندەکە، ئەو پارچە زەوییەی سوپای عێراق دەیەوێت دەستی بەسەردا بگرێت، ماددەی 3ی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و زەوی دەیگرێتەوە کە ساڵی رابردوو پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر داوە.
ئیدریس غەفور، یەکێکی دیکە لە خاوەن زەوییەکان، چەند نووسراوێکی فەرمی نیشان دا و گوتی: "ئەم نووسراوانە بۆ وەزارەتی بەرگری دەرکراون و تێیدا هاتووە کە دەستکاریی ئەم زەوییانە نەکرێت، چونکە یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2025ی پەرلەمان دەیانگرێتەوە."
بەگوێرەی جووتیاران، سەرەڕای بوونی نووسراوی پارێزگار، ئەنجوومەنی پارێزگا و دادگاکان بۆ ئەوەی هیچ کارێک لەسەر زەوییەکان نەکرێت تاوەکو چارەنووسیان یەکلایی دەبێتەوە، بەڵام سوپای عێراق هەر بەپێی بڕیارەکانی سەردەمی بەعس مامەڵە دەکات.
هیشام یادگار، جووتیارێکی دیکەی تۆپزاوایە و دەڵێت: "سێ بۆ چوار ئۆتۆمبێلی سەربازی و سێ شۆفڵ هاتبوون، شۆفڵەکان هی وەبەرهێنەرێک بوون، هی خۆیان نەبوون."
پێشتریش فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان و فرقەی 11ی سوپای عێراق نزیکەی 500 دۆنم زەوی جووتیارانیان لە ناوچەکە داگیرکردووە و بارەگای سەربازییان لەسەر دروستکردووە.


