رووداو دیجیتاڵ
سوپای عێراق بە پاڵپشتیی وەبەرهێنەرێک، دەستی بەسەر 180 دۆنم زەویی جووتیارانی کورد لە گوندی تۆپزاوای باشووری کەرکووکدا گرت و خەندەقی بە دەوردا لێدا، ئەمەش کاردانەوەی تووندی جووتیارانی لێکەوتەوە کە خاوەندارێتیی زەوییەکان دەکەن.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزێکی سوپای عێراق لە فیرقەی 11، بە چەندین شۆفڵ و ئامێری هەڵکەندنەوە چوونە سەر زەویی جووتیارانی گوندی تۆپزاوا و لە ماوەیەکی کەمدا خەندەقێکیان بە دەوری 180 دۆنم زەویدا لێدا کە موڵکی جووتیارانی کوردە.
جووتیاران دەڵێن، سوپاکە بەڵگەنامەیەکی لە بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری خانووبەرەی کەرکووک پێ بووە کە گوایە زەوییەکە موڵکی وەزارەتی بەرگرییە، بەڵام جووتیاران جەخت لەوە دەکەنەوە کە تاپۆی باوباپیرانیان هەیە و ئەو بڕیارە هی سەردەمی رژێمی بەعسە و بەپێی یاسای نوێی پەرلەمان پووچەڵکراوەتەوە.
ژمارەیەکی زۆر لە جووتیارانی گوندەکە بۆ رێگریکردن لە داگیرکارییەکە کۆبوونەوە و رووبەڕووی هێزەکەی سوپا بوونەوە.
فەرەیدوون، یەکێک لە جووتیارەکان، دەڵێت، "رۆژانە خەریکی کاری خۆمان بووین، سەیرمان کرد سوپا و کۆمەڵێک شۆفڵ هاتوون و دەستیان کردووە بە هەڵکەندنی خەندەق. کە چووینە لایان، خەریک بوو دەستگیرمان بکەن." ئەو جووتیارە ئاماژەی بەوەش کرد کە کاتێک بەڵگەنامە و تاپۆکانیان نیشانی ئەفسەرەکان داوە، پێیان گوتوون، "دان بەوەدا نانێین، لە تاپۆی کەرکووک پێمان گوتراوە ئەمە موڵکی وەزارەتی بەرگرییە."
جووتیارێکی دیکە دەڵێت، سوپاکە هەڕەشەیان لێکردوون و پێیان گوتوون، "ئێستا نیوەی زەوییەکانتان دەبەین، چاوەڕێ دەکەین تاوەکو بەروبوومەکانتان پێدەگات، ئینجا هەمووی دەبەین."
جووتیاران کە زیاتر لە 700 دۆنم زەوییان لە سنوورەکە بە تاپۆ هەیە، پێداگرن لەوەی زەوییەکانیان رادەست ناکەن و بۆ وەرگرتنەوەی مافی خۆیان پەنا دەبەنە بەر دادگە.
ساتع ناسیح، نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوا، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "ئەمە هەوڵێکی هاوبەشی وەزارەتی بەرگری و وەبەرهێنەرێکە بە ناوی سەید عەلا. ئەو وەبەرهێنەرە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی لە نزیک زەوییەکانمان هەیە و سێ مانگ لەمەوبەریش هەوڵیدا دەست بەسەر زەوییەکانماندا بگرێت، بەڵام بۆی نەکرا. ئێستا بە پشتیوانیی سوپا گەڕاوەتەوە."
بە گوتەی ناسیح، لە کۆی چوار شۆفڵ کە لەگەڵ هێزەکەدا بوون، سێیان هی وەبەرهێنەرەکە بوون. ئەو رەخنەی تووند لە بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەی کەرکووک دەگرێت و دەڵێت، "نازانم چۆن خاوەندارێتیی زەویی ئێمەی گواستووەتەوە بۆ وەزارەتی بەرگری، لەکاتێکدا پەرلەمانی عێراق یاسای ژمارە 3ی بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی رژێمی بەعس دەرکردووە."
دلێر زێدان، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی کەرکووک، لە (بەرپرسیار) جەختی کردەوە کە "تۆپزاوا ناوچەی مادەی 140ـە و بەپێی نووسراوی ئەمینداریێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، بەهیچ شێوەیەک نابێت کاری وەبەرهێنانی تێدا بکرێت."
زێدان ئاماژەی بەوەش کرد کە پەیوەندیی بە وەبەرهێنەرەکەوە کردووە و ئەو رەتیکردووەتەوە کە سنووری پڕۆژەکەی خۆی بەزاندبێت. بەڕێوەبەری وەبەرهێنان بەڵێنیدا رۆژی شەممەی داهاتوو سەردانی مەیدانیی ناوچەکە بکات.
هاژە سەباح، بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەی کەرکووک، بە رووداوی گوت: "ئێمە تەنیا لایەنێکی جێبەجێکارین. وەزارەتی بەرگری بڕیاری دادگەی فیدراڵیی هێناوە بۆ گەڕاندنەوەی هەموو موڵکەکانی و بڕیاری دادگەی فیدراڵیش رەتکردنەوەی نییە." ئەو گوتیشی کە وەزیری داد، خالید شوانی، ئاگاداری بابەتەکەیە.
مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، لە (بەرپرسیار) گوتی: "تۆبزاوە ناوچەیەکی کێشەلەسەرە و هیچ لایەنێک بۆی نییە دەستکاریی بکات. بە جیدی کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەین و ناهێڵین ئەو هەوڵە سەر بگرێت."
ئەو پەرلەمانتارە بەڵێنیدا رۆژی شەممە لەگەڵ سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق قسە بکات و گوتیشی، "10 رۆژ لەمەوپێش لەگەڵ وەزیری داد، د. خالید شوانی، قسەمان کردووە بۆ ئەوەی کار لەسەر جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 3ی پەرلەمان بکرێت بۆ گەڕاندنەوەی ماڵ و موڵکی خەڵک، کە چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ رێنماییەکانی دەربچێت."
مازن غەریب داوای لە جووتیاران کرد سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن و بەڵێنیی پشتیوانیی تەواوی پێدان.


