رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، حیزبەکەی بە فەرمی تەنیا بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا گەڕاوەتەوە و هیچ پۆستێکی دیکەیان لە ئیدارەی پارێزگاکە وەرنەگرتووە.
ئەمڕۆ هەینی، حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حیزبەکەی لەسەر داوای بەرپرس و فراکسیۆنەکان لە پارێزگای کەرکووک، بڕیاری گەڕانەوەی داوە و گوتیشی: "ئێمە جارێ دەبێت رۆڵی چاودێر بگێڕین."
لەدوای هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەکەی بە زۆرینەی دەنگ کە لە هۆتێل رەشیدی بەغدا لە 9ی ئابی 2024دا کرا، (کە ئەوکات فراکسیۆنی پارتی و دوو ئەندامی بەرەی تورکمانی و سێ عەرەبی سوننە ئامادە نەبوون)، فراکسیۆنی پارتی بایکۆتی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگایان کرد، بەڵام هەفتەی رابردوو، بڕیاریان دا بەشداربن.
"کێشەی بارەگاکانمان نەماوە"
حەسەن مەجید گوتی، "ئێمە تێبینییەکانمان لەسەر پێکهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگا و دابەشکردنی پۆستەکان ماوە و، تاوەکو ئێستاش پۆستمان وەرنەگرتووە و گەڕانەوەشمان بۆ پۆست وەرگرتن نییە."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، "کاری کابینەکەی عەلی زەیدی جیاوازە لەوانەی پێشوو، هەر ئەوەش وایکرد ئێمە رازی بین بە گەڕانەوە."
لەدوای ئۆکتۆبەری 2017 و کشانەوەی حیزبەکە، زۆربەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک دەستیان بەسەردا گیرا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە گوتی: "بارەگای لقی سێ و زۆربەی شوێنەکانی دیکەمان وەرگرتووەتەوە و کێشەی بارەگامان نەماوە."



